هەرێم محەممەد: نە خۆم پیر دەبم و نە گۆرانییەکانیشم ون دەبن

K24 - هەولێر:
هونەرمەند هەرێم محەممەد لە دوای بڵاوکردنەوەی دوو گۆرانی نوێ بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بە ناوەکانی (ئازار ئازار و پیربوومە)، شوێنی خۆی لە دڵی خەڵکی هونەردۆستی کوردستاندا کردەوە و ناو ناوبانگێکی بەرچاوی بەو بەرهەمانە پەیدا کرد، بەتایبەت دوای گۆرانییە دوێتەکانی لەگەڵ هونەرمەندان توانی ببێته هونەرمەندێکی دیار و بەرچاوی ئەمڕۆی گۆرانی کوردی، لەم چاوپێکەوتنەی کوردستان24ـیشدا دەڵێت: گۆرانییەکانم هەمیشه بەزیندوویی لە هزری جەماوەرەکەمدا دەمێننەوە و نە خۆم پیر دەبم و نە گۆرانییەکانیشم ون دەبن.
٭ لهماوهی رابردوودا چەندین ستایلی جۆراوجۆر هاتوونەتە ناو گۆرانی کوردییەوە، تا چەند ئەو ستایلانە لە خزمەت رەسانایەتیی کوردی دەبن؟
- بێگومان هونەری کوردی هەرچەند کاری لەسەر بکرێ و ستایلی تازەی بێتە ناوەوە ئەوەندە فراوانتر و دەوڵەمەند تر دەبێ، بەوەی کە کولتوور و هونەری خۆمان بناسێنین بە وڵاتانی تر، بە بڕوای من هونەری کوردی نابێت لە یەک فۆرمدا بمێنێتەوە، دەبێ خزمەتی زیاتری پێ بگەیەنین، بەڵام هەموو ئەمانە لە رەسەنایەتیدا بمێننەوە.
٭ هێندەی بایەخ بە دەنگ دەدرێت لە کوردستان هێندە بایەخدان بۆ میوزیک نییه، کە لە بنەڕەتیشدا میوزیک وادەکات ئەو دەنگە بەرەوپێش بچێت، بەڕای تۆ چ شتێک وا دەکات ئەمە بگۆڕدرێ و میوزیکیش بایەخی زیاتری پێ بدرێ؟
ـ بۆ کاری گۆرانی گوتن دەبێ میوزیک هەمیشە لە خزمەتی دەنگدا بێت بۆ ئەوەی بەرهەمی باش بێتە بوون، لە کوردستان ئەو کارانەی کراون لەلایەن میوزیکژەنانەوە تا ڕاددەیەک کاری باشبوونە، بەڵام دەکرێ کاری باشتر بکرێ، ئەمەش بۆ ئەوەیە میوزیسیان پێویستە بە میوزیک تێکەڵی گۆرانییەکە بێت، نەک هەریەکەیان لە فۆرمێک بن، بۆیە زۆر گرنگە کە گۆرانییەک تۆمار دەکرێ زۆر ئاگادار بین لەوەی دەبێ میوزیک لە خزمەتی دەنگەکەدا بێت، دووبارەیش دەیڵێمەوە ئەوەی لە کوردستان کراوە خراپ نەبووە و دەکرێ باشتریش بێت، من دڵنیام بۆ داهاتوو کاری زۆر باشتر و بە فۆرمی جیاواز و تازەوە دەکردرێ.
٭ تۆ لە سەرەتای کارەکانت ناوبانگت پەیدا کرد، بەڵام ئەم ناوبانگە کەمتر بوو لەچاو ئەوکاتەی تۆ چەند گۆرانییەکی “فەرهاد زیرەک”ـت گوتەوە و ناوبانگەکەت زۆر زیاتر بوو، تۆ ئەمە بە هۆکاری گشتی دەبینی؟
ـ ناوبانگ هیچ کاتێک بۆ من گرنگ نەبووە، بەڵکو خزمەت بۆ من گرنگ بووە، خزمەت بەو مانایەی گۆرانییەکی ڕەسەن و زۆر کوردی بکەمە خزمەت، لە پاڵ ئەوەیشدا ناوبانگ گرنگییەکەی لەوەدایە هانت دەدا بۆ بەرهەمهێنانی کاری باشتر و زیاتر، من لە ساڵی 2009ـەوە تاکو ئێستا هەر کارێکم کردبێ لە هزری خەڵکدا ماوەتەوە و جێگەی خۆی کردووەتەوە، ئەمەی دڵخۆشییە بۆ من کە توانیوومە ئەو خزمەتە بکەم و بگەیەنم.
٭ چەند دوێتێکت کردووە و ئەو دوو دوێتەی کۆتاییشت ستایلی هەڵپەڕکێ بوونە، بیرۆکەی هیچ دوێتێکی ترت هەیە لەگەڵ هونەرمەندێکی تر؟
ـ من دوو دوێتم کردووەو هەردوو بەرهەمەکەیش زۆر ڕەسەن بوونە، کارەکانیش لەگەڵ "هەڵدێر محێدین و کارمەند ڕواندزی" بووە، هەردوو بەرهەمەکەش زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووەو خەڵک پێشوازییەکی زۆر گەرمییان لێکردووە، ئەو بەرهەمانە تەنها بە هیمەتی من نەبووەو هاوکاری هەردوو هونەرمەند و میوزیسیانانیش وایکرد خەڵاتێکی زۆر بەدەستبهێنین، بەهیوام لەگەڵ هەردوو هونەرمەندی ناوبراو و هونەرمەندانی تریش کاری دوێتی تر بکەین، گرنگ ئەوەیە لەلای من خزمەت بە هونەری کوردی بکەین.
