کارمەندانی گرێبەستی شارەوانییەکانی کەرکووک داوا دەکەن بکرێنە هەمیشەیی

کارمەندانی گرێبەستی شارەوانییەکانی کەرکووک داوا دەکەن بکرێنە هەمیشەیی
کارمەندانی گرێبەستی شارەوانییەکانی کەرکووک داوا دەکەن بکرێنە هەمیشەیی

K24 - هەولێر

کارمەندانی گرێبەستی شارەوانییەکانی سنووری کەرکووک داوا دەکەن بکرێنە هەمیشەیی. یەکێک لە کارمەندەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر داواکارییەکەمان جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین".

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 19-11-2023، نوێنەرانی زیاتر لە 900 کارمەندی گرێبەستی شارەوانییەکانی سنووری پارێزگاری کەرکووک لە بەردەم باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کەرکووک گردبوونەوە و داوا دەکەن بکرێنە کارمەندی هەمیشەیی.

یەکێک لەو کارمەندانەی بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کرد، بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە داوا دەکەین بکرێینە هەمیشەیی. خۆم لە 2019ـەوە کراومەتە گرێبەست، بەڵام تاوەکو ئێستا بێجگە لە مووچەکەمان کە 330  هەزار دینارە، هیچمان بۆ نەکراوە. کارمەندیش هەیە، لە 2007ـەوە کرێگرتە (ئجوور)ـە، کەچی تاوەکو ئێستا نەکراوەتە هەمیشەیی".

کارمەندێکی دیکەی گرێبەستیش هۆشداری دەداتە حکومەتی عێراق و دەڵێت، "داوای سەرەکیمان ئەوەیە، بکرێینە هەمیشەیی. ئەگەر داواکارییەکەمان جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین، چونکە دەستوور مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی پێ داوین".

بە گوتەی بەشداربوویەکی دیکەی گردبوونەوەکە، جیاوازی لەنێوان کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێت: "ماوەی نۆ ساڵە گرێبەستم و نۆ ساڵ خزمەتم هەیە. لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق، کارمەندانی شارەوانییەکان ئەوانەی بە گرێبەستن، کراونەتە هەمیشەیی، تەنها کارمەندانی شارەوانییەکانی کەرکووک نەبن".

گوتیشی، "هەموو خەتای دائیرەی خۆمانە کە نەکراوینەتە هەمیشەیی، چونکە هەموو ئەو نووسراوانەی پێیان دەدەین، دەیشارنەوە یان وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق نادەنەوە. چووینەتە لای زۆرینەی پەرلەمانتارەکانیش بۆ ئەوەی کێشەکەمان بۆ چارەسەربکەن، بەڵام کەس پێی چارەسەر نەکراوە".

 

Fly Erbil Advertisment