یەکێتی زانایان: چاوەڕوان بووین سومەیدەعی مافە دەستووری و داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی بەغدا بکاتەوە

K24 – هەولێر :
مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئیدانەی لێدوانی موفتی عێراق مەهدی سومەیدەعی دەکات و دەڵێن: سوکایەتیی کردن بە کەسایەتیی پایەبڵندی مەرحومی مامۆستای مودەریس، سوکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کوردو عیراق و ناوچەکەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ( 28-ی کانوونی یەکەمی 2023)، مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە بەرامبەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی مەهدی سومەیدەعی موفتی عێراق کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر زانای کورد و موفتی پێشووتری عێراق، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێن: مەهدی سومەیدەعی هێرشی کردۆتە سەر یەکێ لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان و عیراق و جیهانی ئیسلامی، مامۆستا مەلا عەبدولکەرمی مودەریس، لە ڤیدیۆکەدا سوکایەتی بە پێگەو پیشەو کەسایەتی و هەڵوێست و مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو سوکایەتیە دەکات، کە سوکایەتی نەوەک تەنها بە زانا و موفتی کوردستان مودەریس، بەڵکو هەستی تەواوی زانایانی کوردو عیراق و ناوچەکەی بریدارکردووە.
مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت: چاوەڕوان بووین مەهدی سومەیدەعی بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی حکومەتی ناوەندی بکات، نەک ناوو پێگەو لێدوانی خۆی بۆ سوکایەتی بەرامبەر فەخری عیراق و کوردستان شێخ عەبدولکەریمی بیارە بەکار بهێنێت.
بۆیە بەناوی زانایانی کوردستان داوایان لە لایەنی پەیوەندیدارو دامەزراوەی یاسایی کردووە، بە زوویی رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنە بەر.