ئاكام هاشم بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرا

ئاكام هاشم ئەستێرەی یانەی هەولێر بۆ جامی نەتەوەكانی ئاسیا لە شوێنی ئەمجەد عەتوان بۆ یەكەمجار بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرا، لە یەكەمین لێدوانی بۆ كوردستان24 رایگەیاند سبەی گەشتی ئیمارات دەكات.
ئاكام هاشم بەرگریكاری یانەی هەولێر ماوەی دوو مانگ بوو لە لایەن خیسۆس كاساسی راهێنەری عێراق چاودێری دەكرا، دواجار ئاكام هاشم لە شوێنی ئەمجەد عەتوان كە تووشی پێكان بووە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرا.
ئاكام هاشم لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، رایگەیاند پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەهدی كەریم سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی عێراق پەیوەندی پێوە كردووە و پێی ڕاگەیاندووە كە ناوی بۆ لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق زیاد كراوە.
ئاكام هاشم بە كوردستان24ـی راگەیاند سبەی راستەوخۆ بۆ پەیوەندیكردن بە هەڵبژاردەی عێراق گەشتی ئیمارات دەكات، پاشان بۆ بەشداریكردن لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا سەردانی قەتەر دەكەن.
ئاكام هاشم لە لاوانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەستی بە یاریكردن كردووە، دوو نازناوی خولی نایابی كوردستانیشی لەگەڵ تیپی یەكەمی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەدەستهێناوە، ماوەی 3 ساڵیشە لەگەڵ یانەی هەولێر یاریی دەكات.
