14 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری دهۆك جێبەجێ دەکرێن

K24 – هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 586 ملیۆن دینار داوە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی 14 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری دهۆك.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی 14 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری دهۆك، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند فەرمانێکی وەزاریدا رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 586 ملیۆن دینار بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار و ئاوی دەوروبەری دهۆک نیشاندا.
ئەم گوژمە تەرخانکراوە لەسەر رێژەکانی 100% داهاتی فرۆشتنی زەوی و 17%ـی داهاتی ئاو و 15%ـی شارەوانی و 15%ـی داهاتی گەشتوگوزارە و لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوازرەوە فەرمانی وەزاری بۆ خەرجکردنی دەرکراوە.
ئەو پڕۆژانەی کە لە شاری دهۆک جێبەجێ دەکرێن خۆی دەبینێتەوە لە؛ دروستکردن و قیرتاوکردنی شەقام، نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی دیواری پاڵپشتی و پێشانگەی گەشتیاری، دابینکردنی دار و سیستەمی رێکخستنی ئاوادانیی ناوچە سەوزاییەکان، دابینکردنی گازوایل بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری دهۆک و تۆڕی رووناککەرەوە.