هوشیار زێباری: هەرێمی کوردستان لە هەندێک وڵات زیاتر پەیوەندی دیپلۆماسی هەیە

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق، لە سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکان رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسانە بۆ بازرگانی وڵاتانی جیاواز زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی فراوانە لەگەڵ وڵاتان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، بە ئامادە بوونی سەرۆکی حکومەت سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا هوشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسانە بۆ بازرگانی وڵاتانی جیاواز زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو هەنگاوێک و ئەرکێکی یەکتر بن، بەتایبەت بۆ هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکانی فراوانە لەگەڵ ولاتان.
گوتیشی، نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بە کردار سەرەتا لە ئاستی حزبەکاندا دەستی پێکرد، وەک پارتی و یەکێتی حزب و لایەنەکانی دیکە، هەتا هەرێمی کوردستان بە شیوازێکی دیکە دروست بوو، بوو بەکردار.
وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق گوتیشی: "بەپێی دەستووری عیراق ساڵی 2005، دەڵێت سیاسەتی دەرەوە زیاتر لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵە، ئەو شەڕە من کردم لە بەغدا کە چۆن نوێنەرایەتی هەرێم و کونسڵخانەکان لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەشدا زیاد بکەین بەپێی دەستوور، نەک تەنیا بۆ هەولێر بەڵکو بۆ بەسرە و کەربەلا و شوێنەکانی دیکەی عێراقیش، سەرەتا، زۆربەی زۆری کونسوڵخانەکان دامەزران، بەلام ئێستا ژمارەیەکەیان زیادی کردووە".
راشیگەیاند، ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی کە کوردستان هەیەتی، هەندێک وڵات ئەو توانا و هێزەیان نییە کە وڵاتیشن، کێشەیەکمان هەبوو لە دەستوور کە چۆن رێککەوتنی سیاسەتی دەرەوە و لەگەڵ هەرێمیش بکەین، ماددەیەک لە دەستوور هاتووە، دەڵێت: "پارێزگاکان کە 15 پارێزگایە نوێنەرایەتی هەبێت، جگە لە کارمەندانی دیپلۆماسی و ئیداری، کە ئەمە ئەستەمە جێبەجێ بکرێت، قسەی ئێمە بۆ باڵیۆزخانەکان لە دەرەوە، ئەبوو پەیوەندییان زیاتر بێت و ئاگایان لەیەکتری هەبێت، بەشداربن و ئاگاداربن لە هەموو ئەرک و کاریک".
هوشیار زێباری ئەوەشی خستە ڕوو: "بەپێی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەری دەکات، یەک لە دوای یەک دژی هەرێمی کوردستانە بڕیارەکان، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن، من بە مەترسی دەزانم بۆ سەر کوردستان، کە بە سیستەماتیک کاری لەسەر دەکەن".
بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.