سوودانی دەیەوێت کاساس رازی بکات لە راهێنەرایەتی عێراق بەردەوام بێت

گەرچی هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناغی 16ـی جامی نەتەوەکانی ئاسیا دۆڕا و ماڵئاوایی کرد، بەڵام فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیانەوێت ئەم راهێنەرە ئیسپانیە رازی بکەن لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە سەردەمی خیسۆس کاساسی راهێنەری ئیسپانی گۆڕانکاری لە ئاست و ئەنجامەکانی روویداوە و ئەم راهێنەرە بووەتە جێگەی رەزامەندی بەرپرسانی وەرزشی و تەنانەت هاندەرانیش.
لە جامی ئاسیا بە تایبەت دوای سەرکەوتنەکەی بەرامبەر ژاپۆن و گەیشتنیان بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە بۆ قۆناغی 16، چاوەڕێ دەکرا هەڵبژاردەی عێراق هەنگاوێکی گەورە بەرەو بردنەوەی نازناوەکە بهاوێژێت بەڵام لەم قۆناغە بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بە ئوردن دۆڕا و ماڵئاوایی کرد.
دوای دۆڕانەکەیان رەخنەی تووند لەلایەن رۆژنامەنووسانی عێراقی ئاراستەی کاساس کرا و تەنانەت لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە هێرش کرایە سەر کاساس و تۆمەتباریان کرد بەوەی پێش یارییەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی کردووە و نەدەبوو بیکات، ئەم هەڵسوکەوتەی رۆژنامەنووسانی عێراقیش کاساسی تووڕە کردووە.
کاساس بە مێدیا ئیسپانییەکانی راگەیاندووە خێزانەکەی دڵتەنگ بوونە بەو رووداوانەی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییەکە روویدا، بۆیە بڕیاریداوە بگەڕێتەوە ئیسپانیا و بڕیار لە بەردەوام بوون یان وازهێنان لە راهێنەرایەتی عێراق بدات.

دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، خیسۆس کاساس لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا و لەگەڵ عەدنان درجالی سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەیانەوێت رازی بکەن لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە بەردەوام بێت.

کاساس لە ساڵی 2022 ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراقی وەرگرت و لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە توانی نازناوی جامی کەنداوی عەرەبی بباتەوە کە لە بەسڕە بەڕێوەچوو، لە جامی دۆستانەی شای تایلەندیش لە ساڵی رابردوو بوونە پاڵەوان.