باشاک دەمیرتاش لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ پاشگەزبووەوە

باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش
باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش

K24 – هەولێر:

باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش لەکاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ پاشگەز دەبێتەوە و کشانەوەی خۆی رادەگەیەنێت.

باشاک دەمیرتاش، لەبارەی کشانەوەی رایگەیاند، لەگەڵ دەم پارتی پێکەوە هاوڕابوون و بڕیاریانداوە لە هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئادار کاندید نەبێت. گوتیشی، بڕیارەکە بە هەماهەنگیی لەگەڵ پارتەکەی دراوە و لە پاڵپشتیکردنی کاندیدانی پارتەکەی بەردەوام دەبێت.

بڕیاری کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاش، دەم پارتیی رووبەڕووی تۆمەتی ئەوە کردبووەوە کە دەیەوێت هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە بەرژەوەندیی ئاکپارتی یەکلایی بکاتەوە. لەوبارەیەوە سێزایی تەمەللی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایگەیاند، ناوزەدکردنی باشاک دەمیرتاش و وێناکردنی وەک ئەوەی بۆ سەرکەوتنی ئاکپارتی کاندید کرابێت یان کاندیدی ئاکپارتی بێت، بێڕێزی  سیاسییە.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی راشیگەیاند، هۆکاری سەرنەکەوتنی کاندیدی هەر پارتێکی سیاسی بەهۆی هەڵەی ستراتیژی خۆیەوەیە و پەیوەندیی بەوانەوە نییە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک لایەن هەست دەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنن بۆیە هەوڵی پەردەپۆشکردنی شکستی خۆیان بە تۆمەتبارکردنی پارتێکی دیکە دەدەن. 

سەرەڕای ئەم هاوکێشەیە دەم پارتی رژدە لەسەر ئەوەی کاندیدی خۆی هەبێت و لە کۆتا راگەیەندراویدا دەڵێت، کاندیدیان بۆ هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ دەبێت و بڕیار لە 9ـی مانگ رابگەیەندرێت، پێدەچێت دەم پارتی دەرگاکانی بە تەواوی بەڕووی جەهەپە داخستبێت و نایەوێت بە ئاسانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ بۆ دەسەڵات یان ئۆپۆزیسیۆن بەو ئاسانییە یەکلاییی ببێتەوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

ئاکپارتی و مەهەپە لە 30 شارەوانیدا هاوکاری یەکتر دەکەن و رێککەوتوون کە ئاکپارتی لە 28 شارەوانی گەورەدا کاندیدی هەبێت و مەهەپە بۆ دوو شارەوانی گەورە کاندیدی هەبێت کە بریتین لە شارەوانییەکانی مێرسین و مانیسا. هاوکات لەنێو 51 شارەوانیدا ئاکپارتی و مەهەپە لە 29 شارەوانی پێکەوە بەشداردەبن و لە 22 شارەوانیشدا بە خۆیان بەشدار دەبن.

Fly Erbil Advertisment