سەرۆککۆماری عێراق بەربژێری ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بۆ پۆستی پارێزگار رەتده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق
سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری عێراق بەربژێری ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بۆ پۆستی پارێزگار رەتدەکاتەوە.

بە گوێرەی نووسراوێکی نهێنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، داواکاریی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بۆ دانانی ئەحمەد جبووری وەک پارێزگار رەتکرایەوە.

نووسراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەربژێری ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین پێشتر لە چەند دۆسییەک لەلایەن دادگاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و ساڵی 2016 بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتووە.

سەرۆکایەتی کۆمار دەشڵێت، دانانی ئەحمەد جبووری وەک پارێزگاری سەلاحەددین پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%،  کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 7765 بنکەی ده‌نگدانی ئامادەکرد لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.

87
Fly Erbil Advertisment