دانا عەبدولکەریم: بەشێکی تێچووی هێلی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان لەسەر کەرتی تایبەت دەبێت

K24 – هەولێر:
ئامادەکاری بۆ دیزاینکردنی هێڵی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان دەکرێت و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، بەشێکی تێچووی پرۆژەی شەمەندەفەر لەسەر کەرتی تایبەت دەبێت.
شاندێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیایە بۆئەوەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، دەست بە دیزاینکردنی هێڵی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان بکەن کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە دەروازەی پەروێزخانەوە دەبەستێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئاداری 2024) دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: کەرتی تایبەت بەشداردەبێت لە دروستکردنی هێلی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆری تێچووی ئەو پرۆژەیە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دابیندەکرێت.
لەبارەی ئامانجی سەدانەکەیانەوە بۆ ئیسپانیا، دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیان هەڵسەنگداندنی تەکنیکی و هونەری کارەکانی هێلی ئاسنینی هەرێمی کوردستان کە پێکدێت لە دروستکردنی هێلەکە و فارگۆنەکان و و ئەو ئۆتۆمبێلانەی فارگۆکانەکان رادەکەشێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، دانا عەبدولکەریم روونیکردەوە، هێلی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا، بە دەروازەی پەروێزخان لەسەر سنوور لەگەڵ ئێران بەیەکتر دەبەستێتەوە و گوتیشی وەزارەتەکەیان، بەهای ئابووری پرۆژەیەکی تەواوکردووە و دەستیانکردووە بە قۆناغی ئامادەکاری بۆ دیزاینکردنی پرۆژەکە.