پرۆگرامی خۆراکی جیهانی: ئافرەتان و منداڵانی ئەفغانستان لە خراپترین دۆخ دان

K24 - هەولێر

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتدا، ئاماژە بە قەیرانی خۆراک لە ئەفغانستان دەکات و رایدەگەیەنیت، بەهۆی چەند دەیە لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئافرەتان و منداڵانی ئەفغانستان خراپترین دۆخ بە سەر دەبەن.

فیلیپ کڕۆڤ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێ؛ نزیکەی 16 ملیۆن کەس کە دەکاتە یەک لە سێی خەڵکی ئەفغانستان لە نێو قەیرانی خۆراک دان کە زۆرینەیان ئافرەتان و منداڵانن.

هەروەها ئاماژەی داوە، ئافرەتان و منداڵانی ئەفغانستان بە جۆرێک لە قەیراندان، ناتوانن بە ئاسانی خۆراکی پێویست بۆ خۆ تێرکردن بە دەست بهێنن، هۆیەکەشی سەپاندنی بڕیاری قەدەغەکردنی کارکردنی ئافرەتانە لە دەرەوەی ماڵەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبان.

بە گوتەی کڕۆڤ، لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021ـەوە ئاسایشی خۆراک لە ئەفغانستان بە تەواوی کەوتووەتە مەترسی و بەهۆیەوە پانزە میلیۆن و هەشت سەد هەزار لە دۆخێکی خراپی ئاسایشی خۆراک دەژین.

بە گوێرەی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی رابردوو یەک ملیۆن ئافرەت و منداڵی شیرەخۆرە تووشی بەدخۆراکی بوون.

هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن کچ و کوڕی  تەمەن ژێر پێنج ساڵان ئاستی مامناوەندی بەدخۆراکی تۆمارکراون و نزیکەی هەشت سەد و شەست هەزاری منداڵی دیکەی هەمان تەمەن لە خراپترین دۆخی بەدخۆراکی دان.

Fly Erbil Advertisment