پارتی 24 ساڵ لەمەوبەر بە فەرمی ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی لە تورکیا سازکردووە
ئاهەنگە نەورۆزەکەی پارتی ڕۆژنامەکانی تەنیوە و بەرپرسانی تووڕە کردووە

K24 - هەولێر
یەکەم ئاهەنگی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 24 ساڵ لەمەوبەر بە فەرمی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بە بەشداریی نوێنەری وڵاتان سازکراو کاردانەوەی ناوخۆیی تورکیا لێ کەوتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی ژمارەیەک لە بەرپرس و کاربەدەستانی تورکیا بەشداری ئاهەنگەکە بوون.
بە گوێرەی دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامە ئەرشیف کراوەکانی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە (20ی ئاداری 2000)، کە ئەو کات دزەیی نوێنەری پارتی بووە لە ئەنقەرە، بۆ یەکەمجار لە ئاستی تورکیا بە فەرمی ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی لە هوتێلی شیراتۆن لە ئەنقەرە بە بەشداریی نوێنەرانی وڵاتان سازکردووە و ئاهەنگەکە و کاردانەوەکانی دەبێتە مانشتی بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە.

لە کاردانەوەکانی بەرانبەر بە سازکردنی ئەو ئاهەنگە وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی تورکیا، ئیسماعیل جەم داوای ڕوونکردنەوەی لە سەعادەدین تانتان، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتی وڵاتەکەی کردبوو، بەڵام تانتان لە وەڵامدا بە سەعادەدینی گوت بوو ڕیکخستنی چالاکییەکی لەو جۆرە پێویست بەوەرگرتنی مۆڵەت ناکات.
هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەکانی تورکیا، پێشوازیی سەفین دزەیی لە میوانانی بیانی بە جلوبەرگی کوردی، دەسەڵاتدارانی تورکیای زیاتر توڕە کرد و ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەر بۆیە ئەو کاتە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە فەرمی بانگهێشتی سەفین دزەیی کردووە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە لە سەر سازکردنی ئاهەنگی نەورۆز بدات، بەڵام دزەیی پێی ڕاگەیاندوون، بە فەرمی مۆڵەتییان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەنقەرە وەرگرتووە و ڕێکاری پێویستی ئەمنیش بۆ پاراستنی ئاهەنگەکە و میوانەکان گیراوەتەبەر.
هەروەها ڕۆژنامەیەکی تورکیا ئەو کات بڵاویکردووە، سازکردنی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە پایتەختی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بووەتە جێی دڵخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ نوێنەری یەکێتیی لە ئەنقەرە شێرزاد سائیب، ئاماژەی بەوە دا کە هیواخوازن بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ پارتی بەیەکەوە چالاکییەکی لەو شێوەیە ڕێک بخەنەوە.
هەر لە بارەی کاردانەوەکانی ڕۆژنامەی ستار لە یەکێک لە ژمارەکانیدا ڕەخنەی لە باڵیۆز و بەرپرسانی تورکیا گرتووە و نووسیوویەتی: "ئەوانەی نایانەوێت بەشداریی لە چالاکییەکانی كۆماری قوبرسی توركی بکەن، کەچی پۆل پۆل بەرەو ئاهەنگی نەورۆز دەڕۆن."



