لە هەر 4 عێراقییەک یەکێکیان هەژارە

K24 - هەولێر
عێراق ئەو وڵاتەیە کە دەکرێت بە داهاتەکەی بەهەشتێک بۆ میللەتەکەی دروستبکرێت، بەڵام گشت ئەو ئومێدانەی کە خەڵکەکەی لەسەر نەوت و داهاتەکەی هەڵیچنی بوو، خەریکە هەڵدەوەرن.
تێکڕای داهاتی ساڵانەی عێراق سەروو 100 ملیار دۆلارە. ئەو بڕە پارەیە دەکرێت وڵاتێکی تەواو بەهێزی پێ بنیادبنرێت، بەڵام دوای نزیکەی 21 ساڵ لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ، عێراقییەکان هێشتاکە بەدەست نەبوونی سادەترین خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن، بەجۆرێک هاوتەریب لەگەڵ بەرزبوونەوەی ساڵانەی داهاتی وڵات، رێژەی هەژاریش لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
دوایین ئامارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق دەریدەخات، لەکۆی نزیکەی 40 ملیۆن دانیشتووی وڵاتەکە، 10 ملیۆنیان لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوەن کە یەکسانە بە لە 25%ـی کۆی دانیشتووانەکەی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە هەر 4 عێراقییەک یەکێکیان هەژارە.
پارێزگای میسان و دیوانییە پشکی شێریان لە زۆری رێژەی هەژاری بەردەکەوێت. بەجۆرێک ئامارەکان دەریدەخەن، لە 62%ـی دانیشتووانی میسان و لە 50%ـی دانیشتووانی دیوانییە هەژارن، بەغدای پایتەختیش پلەی 11ـمینی گرتووە و لە 14%ـی دانیشتووانی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.
رێژەی بێکاریش لە وڵاتەکەدا تادێت هەڵدەکشێت، بەگوێرەی ئاماری پێگەی وێڵد ئۆ مێتەی ئەمەریکی، عێراق لە بوونی زۆرترین رێژەی بێکاری پلەی سێیەمی جیهانی گرتووە، بەجۆرێک کە رێژەی بێکاری تێیدا بۆ سەروو لە 36% بەرزبووەتەوە.
پسپۆڕانی ئابووریش هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی دانیشتووانی عێراق بۆ بوونی گەندەڵی بەرفراوان، بەهەدەردانی سامانی گشتی، نەبوونی پلانی تۆکمەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی وڵات و خەرجکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان دەگەڕێننەوە.