لە ماوەی چوار ساڵدا 13 قوتابخانەی نوێ لە بەردەڕەش دروست کراون

K24 - هەولێر
لە سنووری پەروەردەی بەردەڕەش، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو، 13 قوتابخانەی نوێ دروست كراون و 70 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024، مەهدی خەلیل ئەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند، بە گوژمەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار، 13 قوتابخانەی نوێ دروست کراون و 70 قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە و پۆلیان بۆ زیاد کراوە.
لای خۆیەوە مامۆستایەکی سنووری پەروەردەی بەردەڕەش لەم بارەیەوە دەڵێت: "دڵخۆشین بە دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە بۆ قوتابییەکانمان؛ سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
لەلایەکی دیکەوە قوتابییەک سەبارەت بە دروست کردنی قوتابخانەکەیان گوتی: "دڵخۆشین بە هاتنمان بۆ ئەم قوتابخانە نوێیە. پێشتر لە قوتابخانەیەکی کۆندا بووین؛ لە کاتی باراندا دڵۆپەی دەکرد و مەترسیی ڕووخانی هەبوو. سوپاسی حکوومەتی هەرێم دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانە نوێیە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو دابینکردنی کەشێکی لەبار بۆ پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە، 3 دەوامی لە قوتابخانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە. لە دروستکردن و بونیادنانی باڵەخانەی نوێی قوتابخانەکانیش بەردەوام دەبێت.