هەشت بەنداوی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرڕێژبوون

ئاوی بەنداوی زرێبار 31 ملیۆن مەترسێجا بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە

دەریاچەی زرێبار - مەریوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دەریاچەی زرێبار - مەریوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان

K24 - هەولێر

بە هۆی ئەم بەفر و بارانە زۆرەی لە سێ مانگی ڕابروودا لە سنووری پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باریوە، هەشت بەنداوی ئەو پارێزگایە سەرڕێژیان کردووە بەنداوی دەریاچەی زرێباری مەریوان تازەترین بەنداوە سەرڕێژی کردووە و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ئاستی دەریاچەی زرێبار نزیکە 65 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 31 ملیۆن مەتر سێجا زیادی کردووە.

لە پاش بەفر و بارانی چەند مانگی ڕابردوو لە سنووری مەریوان و زیادبوونی ئاوی دەریاچەی زرێبار کاریگەری هەبووە و چەند ڕۆژێکە بەنداوی دەریاچەکە سەرڕێژی بکات.

زرێبار تەنیا دەریاچەی جیهانە هیچ ڕووبارێک ناڕژێتە ناوی و ئاوەکەی لەو کانییانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ژێر دەریاچەکەوە هەڵدەقوڵێن و ئاوە زیادەکەشی وەک ڕووبارێک لە دەریاچەکە دەردەچێت.

لە ساڵی 1995 دا بەنداوێک لەسەر ئەو ڕووبارە دروستکرا کە بووە هۆی فراوان بوونی دەریاچەکە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەی. ئەمساڵ ئەم بەنداوەکە سەرڕێژی کردووە و لە هەر چرکەیەکدا 120 لیتر ئاوی لێ دەردەچێت. ئەمەش هاووڵاتیانی زۆر خۆشحاڵ کردووە.

محەممەد حاجی مەحموود هاووڵاتیی دانیشتووی مەریوان بۆ کوردستان24 گوتی "بە زیادبوونی ئاوی دەریاچەکە سروشتی ناوچەکە جوانتر بووە و خەڵکێکی زۆر وەک گەشتیار هاتوون و دڵخۆشن، ئێمەش پێشوازیمان لێکردوون و خزمەتیان دەکەین".

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتوی مەریوان بە ناوی بە ناوی محەممەد ڕازە بەدەم ڕاوی ماسییەوە بۆ کوردستان24 دەڵێ " مەریوان بە زرێبارەوە مەریوانە، چونکە زرێبار بەر بیادنانی مەریوان هەبووە، تەواوی هاووڵاتییانیش بە زۆربوونی ئاوی دەریاچەکە زۆر خۆشحاڵن".

دەریاچەی زرێبار لەوەتەی سەرڕێژی کردووە 64 ملیۆن و 910 هەزار مەتر سێجا ئاو تێدا گلدراوەتەوە کە بەراورد بەم کاتەی ساڵی ڕابردوو ئاوی دەریاچەکە کەمتر لە 34 ملیۆن مەتر سێجا بوو. بەم پێیەش ئەمساڵ ئەم دەریاچەیە نزیک بە دوو ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.

 هاووڵاتییان دەڵێن شەش ساڵیش دەبێ ئاوی زرێبار بەم ئاستە بەرز نەبووەتەوە و پوویا زراری، دانیشتووی مەریوان بۆ کوردستان24 گوتی "13 ساڵ کاری بەلەمەوانیمان لە زرێبار کردووە، ئەوەندەی من بیرم بێت نزیکەی شەش ساڵێک دەبێت ئاوی دەریاچەکە کەم بوو، بە نزیکەی زیاتر لە مەترێک و نیو دەریاچەکە لەو قەراغەی ئێستا دوور کەوت بووەوە، بەڵام ئەم ساڵ ئاوی زیادی کردووە و گەیشتووەتەوە سەکۆی قەراغی دەریاچەکە"

بەنداوی زرێبار هەشتەم بەنداوی پارێزگای سنەیە کە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا سەرڕێژی کردووە. لە حەوت مانگی ڕابردوودا 935 میلیمەتر باران لە پارێزگای سنە باریوە و بەم هۆیەشەو بەنداوەکانی عەباسئاوا و سەبەدلووی بانە، چراوەیسی سەقز، گاڕانی مەریوان، زێویەی کامیاران و قشڵاق و ئازادی سنە سەررێژیان کردووە و ئەمەش دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیان کە تا ساڵێکی دیکە، پارێزگای سنە کێشەی بێ ئاویی نابێت.

Fly Erbil Advertisment