زۆربەی دانیشتووانی ئەڵمانیا لە بیمەی تەندروستی سوودمەندن

K24 – ئەڵمانیا:
لە ئەڵمانیا هەموو کەس دەبێت بیمەی تەندروستی هەبێت، بەوەش هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەتوانن لە سەرجەم نەخۆشخانە و کلینیکە پزیشکیەکانی سەرتاسەری ئەڵمانیا چارەسەر وەربگرن، بۆ نەخۆشی و نەشتەرگەری و مانەوە لە نەخۆشخانە و چارەسەری ددانیش سوود لە بیمەی تەندروستی وەردەگیرێت.
لەلایەن خۆیەوە، هێڤی شوێش، پزیشکی ددان بۆ کوردستان24 گوتی: "لە ڕێگەی بیمەی تەندروستی دەتوانین هەموو شتێک بۆ نەخۆش بکەین، چارەسەری ئازار و پڕکردنەوە و دروستکردنی پرد بۆ ددان، دەتوانین بڵێین شتی پێویست لەلایەن بیمەی تەندروستیەوە دەدرێت، بۆ ئەوەی نەخۆش بتوانێت ئازاری نەمێنێت و خواردن بخوات بێ ئازار و چەندین خزمەتگوزاری دیکەش، بیمەی تەندروستی دەیدات".
لە ڕێگەی بیمەی تەندروستییەوە، منداڵ و پیر و نەخۆش و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش چارەسەر وەردەگرن. بیمەی تەندروستی گشتی کە 90%ـی دانیشتووانی ئەڵمانیا لێی سوودمەند دەبن، کرێکار و خاوەنکارو حکوومەتیش بەشدارن لە پارەدارکردنی سیستمی بیمەی تەندروستی.
هاوکات بارین مەحموود، پزیشکی ددان باسی لەوەکرد:" ئەو کەسانەی لەگەڵ حکوومەت یان لە کۆمپانیا یان بە هەر شێوەیەک کاربکەن، ڕێژەی لەنێوان 14% بۆ 15%ـی مووچەکەیان دەبڕدرێت و دەڕوات بۆ بیمەی تەندروستی، لەو ڕێژەیە نیوەی کرێکارەکە و نیوەش خاوەنکار دەیدات".
ئەڵمانیا لە سەر ئاستی جیهان خاوەنی یەکێکە لە باشترین سیستمە تەندروستییەکان، حکوومەت و هاووڵاتیان و بیمەی تەندروستی و نەخۆشخانە و کلینیکە پزیشکییەکان، ڕۆڵیان هەیە لە سەرکەوتن و بەردەوامی ئەو سیستمە تەندروستییە.