فیفا بە توندی یانەی هەولێری سزا دا

.
.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی ناسراو بە "فیفا" بەهۆی سكاڵای یاریزانێكی پیشەگەری توونسی، یانەی هەولێری بە دەردی یانەی مینا برد و لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان سـڕی كرد، بەمەش ئەم یاریزانە پیشەگەرە بەبێ ئەوەی درێسی یانەی هەولێر بپۆشێت، نزیكەی 4 دەفتەر دۆلاری لە یانەی هەولێر بردەوە.
یانەی هەولێر لە دەستپێكی ئەم وەرزە لەگەڵ بەرگریكاری پیشەگەری توونسی بە ناوی (سامی حەمامی) بەشێوەی ئۆنلاین گرێبەستێكیان لە نێوان خۆیاندا واژۆ كرد، هەولێر كۆپییەك لە گرێبەستە واژۆكراوەكەی هەر بە ئۆنلاین بۆ یاریزانە پیشەگەرە تونسییەكە نارد، بەڵام دوای ماوەیەك هەولێر لە گواستنەوەی یاریزانەكە پەشیمان دەبێتەوە.
یاریزانە پیشەگەرەكە لە فیفا سكاڵای لەسەر هەولێر تۆمار كرد بە هۆكاری ئەوەی چاوەڕێی هەولێری كردووە و چەندان ئۆفەری ڕەتكردووەتەوە، بەمەش فیفا سكاڵایەكەی ئەو یاریزانەی لە دژی هەولێر پەسەند كرد، هەرچەندە هەولێر زۆر هەوڵی دا لەو كەیسە رزگاری بێت، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر ئەو كەیسەی دۆڕاند، بەمەش ئەم یاریزانە بەبێ ئەوەی درێسی یانەی هەولێر بپۆشێت نزیكەی 40 هەزار دۆلار وەردەگرێت.

بە گوێرەی ئەو بەڵگە و نوسراوانەی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە دەست كوردستان24 كەوتووە، لە چەند رۆژی رابردوو فیفا بە ئیمەیل فیدارسیۆنی تۆپی پێی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆی نییە هیچ یاریزانێكی نێوخۆیی و دەرەكی بگوازێتەوە، تاوەكو نزیكەی 40 هەزار دۆلار، بە زمانی بازاڕ (4 دەفتەر دۆلار) نەداتە ئەو یاریزانە پیشەگەرە، بەمەش هەولێر بە دەردی یانەی مینا دەچێت و بۆی نییە هیچ یاریزانێك لەم وەرزە و لە وەرزی داهاتووش لە لیستەكەی زیاد بكات تاوەكو شایستە داراییەكانی ئەو یاریزانە نەدات.

بەپێی یاسای فیفا بۆ ئەمجۆرە كەیسانە بەرامبەر هەر دواكەوتنێك بڕێك پارەی زیادە دەچێتە سەر سزایەكە، ئەمەش لە كاتێكدا یانەی هەولێر ساڵی رابردووش دوو سكاڵای دیكەی دۆڕاند دوای ئەوەی ئەیمەن تەرابلسی تونسی و زەید جەمال ئەبو عەبدی ئوردنی بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە و شایستە داراییەكانیان لە فیفا سكاڵایان لەسەر هەولێر كرد و داوایەكەشیان بردەوە.

.

 

 

Fly Erbil Advertisment