وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا: ئێران لە ژێر ناوی مالیزیا نەوت هەناردەی چین دەکات

K24 - هەولێر
ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆ دزینەوە لە گەمارۆکان لە ژێر ناوی مالیزیا نەوت هەناردەی چین دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند کۆمپانیایەکی لە مالیزیا دامەزراندووە. جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکاش بۆ ڕێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران و بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران، چووەتە مالیزیا.
دوای سێ ساڵ چاوپۆشی لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ئیدارەی جۆو بایدن دەیەوێت ڕێکاری توندتر بەرانبەر مامەڵە بازرگانییە دەرەکییەکانی ئێران بگرێت و سنوورکان لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی ئێران دابخات.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، پشت بەو کۆمپانیایانە دەبەستێ کە لە مالیزیا دایمەزراندوون.
بە گوتەی بەرپرسەکە، دوای گەیشتنی نەوتی ئێران بۆ مالیزیا ئەو کۆمپانیانە بە گۆڕین ناو و سەرچاوە و براندی نەوتەکە، لە ڕێگەی کەشتیی دیکەی نەوتهەڵگرەوە، نەوتەکە هەناردەی چین دەکەن و داهاتەکەشی بۆ حکوومەتی ئێران دەگەڕێننەوە.
برایان نێلسۆن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ ئەو پرسە چووەتە مالیزیا و لەوێشەوە گەشتەکەی بۆ سەنگاپوورە درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوە داراییەکانی ئێران لە ناوچەکە وشک بکات.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی گومرکی چین، لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە یەک ملیۆن 100 هەزار بەرمیل نەوتییان لە مالیزیاوە هاوردە کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆی بەرهەمی نەوتی مالیزیا لە رۆژێکدا تەنیا 650 هەزار بەرمیلە، واتە جیاوای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بە ڕێژەی 59%یە و ئەمەش بووەتە جێگەی گومان بۆ ئەمەریکا.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیای کێپلێر کە چاودێری کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکات، هەناردەی نەوتی ئێران لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا گەیشتووەتە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بڕی 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە هەناردەی نەوتی زیاد کردووە، هەروەها ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی 2022 بە %48 هەناردەەی زیادکردبوو.
لە سێ ساڵی رابردوودا ئیدارەی ئەمەریکا بە هیوای گەڕانەوەی ئێران بۆ ناو ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، چاوپۆشی لە پێشێلکردنی بەشێک لە گەمارۆ سەپێندراوەکانی سەر تاران کردبوو، لە نێویاندا هەناردەی نەوت و فرۆشتنی گازی شل، بەڵام دوای شەڕی غەززە و بە تایبەتیش دوای هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و چڕ کردنەوەی هێرشە مووشەکیی و درۆنەکان لە دەریای سوور بۆ سەر جوڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی، ئیدارەی بایدن بەرانبەر بە ئێران بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە بە تایبەت کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی نزیک بوونەتەوە.