وەزیری تەندروستی: داوامان کردووە پشکی ئامێرە پزیکشییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا زیاد بکرێت

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی لە چەمچەماڵ بەسەر کردەوە. دەشڵێت، داوایان کردووە پشکیی ئامێرە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا زیاد بکرێت.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەریمی کوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندرستی و بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی؛ سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزاکە کۆبووەوە.

وەزیری تەندروستی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پرۆژەی دروستکردنی ئەو نەخۆشخانە گشتییەی چەمچەماڵی بە "گرنگ و ستراتیژی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، نەخۆشخانەکە بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن خێرخواز جەمال حاجی عەلییەوە دروست دەکرێت و چەندین سەنتەری پسپۆڕی لەخۆ دەگرێت.

نزیکەی حەوت مانگە دەست کراوە بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە. بە گوتەی وەزیری تەندروستی، باڵەخانەکە تاوەکو ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت و ئەوان هاتوون بۆ ئەوەی لە ئێستاوە ئامادەکاریی بکەن بۆ دابینکردنی ستافی کارکردن و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشخانەکە.

لە سنووری قەزای چەمچەماڵ؛ نۆ ناحیە، سێ نەخۆشخانە، سێ سەنتەری پسپۆڕی و ژمارەیەک بنکەی تەندروستیی هەن. وەکو ئەوەی د. سامان بەرزنجی باسی کرد، هەموو ئەو شوێنانە پێویستییان بە پێداویستیی زیاتری پزیشکی هەیە و، وەکو خۆی گوتی، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزاکە تاوتوێی دابینکردنی پێداویستییەکانیان کردووە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی د. سامان بەرزنجی ئاماژەی پێ دا، گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی لە قەزای چەمچەماڵ دەدات؛ لەو چوارچێوەیەدا بودجەیەکی تایبەتی بۆ کەرتی تەندروستیی قەزاکە تەرخان کردووە.

هاوکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان

لە داهاتوویەکی نزیکدا نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتن لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ بە هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەکرێت؛ ئەمە بە گوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان.

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هاوکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵی، گوتی، "ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی زیاتر لە 194 ملیار دینار لەسەر بودجەی حاکیمەی عێراق، دەرمان و پێدوایستی پزیکشی بۆ سنووری قەزای چەمچەماڵ دابین کراوە، ئەم گوژمەیە بەراورد بە ساڵی 2022 زیاتر بوو کە 140 ملیار دینار بوو".  

دوێنێ چوارشەممە، 15-05-2024، هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی فیدراڵی کۆبوونەوە. وەزیری تەندروستی دەڵێت، داوایان کردووە لە هەمواری بودجەکەدا پشکی ئامێرە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە.

Fly Erbil Advertisment