وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان (وێنە: ئەرشیف)
هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان (وێنە: ئەرشیف)

سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق وادەی نوێی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات.

د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فێسبووک، ڕایگەیاند، "جۆرێک لە ڕێککەوتن لە ئارادایە بۆ ئەوەی 15ی مانگی سێپتەمبەر (نۆ)، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکرێت؛ بە مەرجێک ڕووداوێک نەیەتە پێشەوە کۆی پرۆسەکە تێک بدات".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەکان، بڕیاریان داوە بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و "دەستێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە" بەشداریی پرۆسەکە نەکەن.

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن

رۆژی 22-02-2024، دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانى لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندن. 11 کورسییەکە بەم شێوەیە بەسەر پێکهاتەکاندا دابەشکرابوون: پێنج کورسی بۆ کریستیان، پێنج کورسی بۆ کۆتای تورکمان و یەک کورسیش بۆ کۆتای ئەرمەن.

ڕۆژی یەکشەممە، 06-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە، پارێزەر ئەیاد کاکەیی، سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد.

سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە؛ ڕێکارەکانی دابەشکردنی 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی 11  کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکوەزیران داوای کردووە دادگاکە ئەو دابەشکارییە بە "نادەستووریی" بزانێت.

وەڵامی دادگای فیدراڵی بۆ سکاڵاکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

ڕۆژی سێشەممە، 07-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بەپەلەی (ئەمری وەلائی) دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بڕگەی دووەمی ماددەی 2ی سیستمی دووی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024.

بڕگەکە تایبەتە بە دابەشکردنی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن کە پارێزگاکانی هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک 25 کورسی، هەڵەبجەش سێ کورسییان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بۆ تەرخانکرابوو.

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوو، جێبەجێکردنی بڕگەکە ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.

وا بڕیارە سبەی یەکشەممە، 19-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دادبینی و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

Fly Erbil Advertisment