ئەمەریکا لە ڕێگەی بەندەرێکی کاتییەوە ڕۆژانە هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە غەززە

ئەمەریکا بەندەرە کاتییەکەی لە غەززە کردەوە و لە ڕێگەیەوە هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە هاووڵاتییانی سڤیل. بەرپرسانی واشنتن دەڵێن، ئامانجیانە ڕۆژانە زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی بەندەرەکەوە بگەیەننە غەززە.
بەهۆی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح، دەروازەکان داخراون و ئاستەنگی بۆ گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی غەززە دروست بووە.
دوای زیاتر لە دوو مانگ کارکردن، ئەمەریکا بەندەرە کاتییەکەی لە غەززە تەواو کرد و لەو ڕێگەیەوە هاوکاریی مرۆیی دەگەیەنێتە غەززە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی بەندەرە کاتییەکەوە گەیشتووەتە غەززە و نەتەوە یەکگرتووەکان دابەشیان دەکات.
گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ئەوەی خستە ڕوو، "هەمووان دەزانن یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی بەندەری کاتیی ئەمەریکاوە گەیشتووەتە غەززە. هاوکاریی مرۆیی دیکەش لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانەوە دەگەیەندرێنە قوبرس و دوای ئەوەی ئیسرائیل پشکنینی بۆ کردن، لە کەشتی بار دەکرێن و ڕەوانەی بەندەرەکە دەکرێن."
یەکەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکە، زیاتر لە 300 پالێت پێک هاتووە. بەرپرسانی ئەمەریکاش دەڵێن، ئامانجیانە ڕۆژانە زیاتر لە 150 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگەی بەندەرە کاتییەکەوە بگەیەننە غەززە.
دۆخی مرۆیی لە غەززە سات دوای سات خراپتر دەبێت. ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئیسرائیلیش لە 6ی ئەم مانگە بۆ سەر رەفەح دەستی پێ کردووە، گیانی زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار ئاوارەی خستووەتە مەترسییەوە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس ڕەفەحیان چۆڵ کردووە. داخستنی دەروازەی شارەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیلەوە، هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە ڕاگرتووە.