بەردی بناغەی پرۆژەی جووتسایدی دارەتوو - بنەسڵاوە دانرا

بە گوژمەی یەک ملیار و 455 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی پرۆژەی جووتسایدی دارەتوو - بنەسڵاوە دانرا و، بڕیارە لە ماوەی 200 ڕۆژدا تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێمن قادر پارێزگاری هەولێر به وهكالهت و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی؛ بەردی بناغەی پرۆژەی جووتسایدی دارەتوو - بنەسڵاوە دانرا.
پرۆژەکە بە گوژمەی یەک ملیار و 455 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی 200 ڕۆژدا جێ بەجێ دەکرێت. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، "هیوادارین کۆمپانیای جێبەجێکار لەو ماوەیەی بۆی داندراوە بتوانێت پرۆژەکە جێبەجێ بکات".
بە گوتەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دروستکردنی جووتساییدەکە، "خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە خەڵکی دارەتوو دەکات". گوتیشی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەپێی تواناکان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان".
ساسان عەونی لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو، "بەدڵنیاییەوە هەموو فەرمانگەکانمان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پارێزگای هەولێر لە هەر شوێک پێویست بە خزمەتگوزاریی هەبێت، دەستی ئاودانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوێ دەبێت و کەمتەرخەمی ناکات لە خزمەتکردنی خەڵك".
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەوە کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان جیاوازی بە هیچ ناوچەیەک لەگەڵ ناوچەیەکی دیکە ناکات؛ هەر شوێنێک پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت، دەستی ئاودانکردنەوەی دەگاتێ".