دەسەڵاتی بڕیاردانی جەنگ لە حکوومەتی تورکیا وەرگیراوە و درا  بە ئەردۆغان

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (ئەرشیف)
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (ئەرشیف)

ڕۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، دەسەڵات و بڕیاردانی تایبەت بە ڕاگەیاندنی جەنگ و ئامادەکاریی تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە و شەڕێکی دەرەکی یان ناوخۆیی گەڕێندراوەتەوە بۆ سەرۆککۆماری وڵات.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، دەسەڵات و بڕیاردانی جەنگ و ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا وەرگیراوەتەوە و تەواوی دەسەڵاتەکان و بڕیاردان لە بارەی هەر ئاڵۆزیی و دۆخێکی شەڕی ناوخۆیی یان هەڵگیرسانی شەڕی دەرەکی گەڕاوەتەوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا.

پێشتر، هەر بڕیاردانێک لەم بارەوە دەگەڕایەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا و دەبوایە بڕیار بە کۆی دەنگ بدرێت؛ بەڵام دوای هەموارکردنەوەی ئەو ماددە یاساییەی پەیوەندی بە دۆخی جەنگ و شەڕەوە هەیە لە تورکیا، لەمەودوا هەر بڕیاردانێک ناوەندیی و ڕاستەوخۆ دەبێت تەنیا سەرۆککۆماری تورکیا بڕیاری لە سەر بدات.

ئەم گەڕاندنەوەی دەسەڵاتە پەیوەندی بە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕاپرسیی ساڵی 2017 سیستەمی بەڕێوەبردنی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتیی گۆڕا و بەمەش سەرۆکی وڵات بووە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن.

Fly Erbil Advertisment