رێبەرێکی گەشتیاریی لە ئیسپانیا: دۆخەکە نەگەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی پێش کۆرۆنا

مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا
مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا

K24 – مەدرید:

وەرزی گەشتیاریی لە ئەورووپا دەستیپێکردووە، بەڵام بارودۆخی خراپی دارایی خەڵکی وایکردووە نەتوانن وەکو ساڵانی پێشووتر گەشت بکەن. رێبەرێکی گەشتیاریی دەڵێت: تا ئێستا دۆخەکە نەگەڕاوەتەوە بۆ دۆخی سەردەمی پێش کۆرۆنا.

وڵاتی ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە وڵاتانی دیکە بە مەبەستی گەشتوگوزار سەردانی دەکەن، بارسیلۆنا کە زۆرترین گەشتیار سەردانی دەکات لە ڕووی گەشتیارییەوە پلەی یەکەمی شارەکانی ئیسپانیای گرتووە.

گەشتیارێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،" من یەکەمجارە سەردانی ئەورووپا دەکەم، ئەو شوێنانەی کە سەردانم کردوون زۆر خۆش بوون، ئێمە لە مەکسیک هاتووین جیاوازیەکی زۆر لە بەهای دراوەکەمان لەگەڵ ئێرە هەیە، بۆیە ناتوانین بە دڵی خۆمان گەشت بکەین، هیواخوازین ئێمەش ئەو بارودۆخە تێپەڕێنین".

زۆر لە گەشتیاران لە وڵاتانی دیکە ڕوو دەکەنە ئیسپانیا بەتایبەتی مەدریدی پایتەخت، ئەو هاووڵاتییانەی دێنە ئێرە زیاتریان خەڵکی ئەمەریکا و بەریتانیان.

پابلۆ سێلینۆرۆ، رێبەری گەشتیاریی بە کوردستان24ـی گوت: "بەراورد بە سەردەمی پێش کۆرۆنا ئێستا زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە ئێرە گەشتیاری ناوخۆیین، ئومێد دەکەین ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد بکات".

ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی کەشوهەوایەکەیەوە گەشتیاری چوار وەرزەی هەیە و، خەڵکێکی زۆر بۆ گەشتوگوزار ڕووی تێدەکەن، جگە لە گەشتوگوزار، وەرزش یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی ئەو وڵاتە.

Fly Erbil Advertisment