یوسف چاوشین: ڕێگە لە پێشێلکاریی بەرانبەر منداڵان دەگرین

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، دەڵێت: گرنگی بە دۆخی منداڵان دەدەین و وەک کاری وەزارەتەکەمان لەسەر ئاستیكی بەرفراوان خزمەتی منداڵان دەکەین. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ڕێگە لە پێشێلکاریی بەرانبەر منداڵان دەگرین.
یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێریی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر ئەمڕۆ بۆ منداڵان جەژن بێت، ئەوا بۆ گەورەکان ڕۆژی پێداچوونەوەیە بە ژیان و گوزەرانی منداڵان، لە ڕابردوودا منداڵ هەمان بەرپرسیارەتی گەورەکانی لەسەر شان بوو، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئێستە دەبینن بە گشتی بارودۆخی منداڵان باشە بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، گرنگی بە دۆخی منداڵان دەدرێت و وەک کاری وەزارەتەکەمان لەسەر ئاستیكی بەرفراوان خزمەتی منداڵان دەکەین.
ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئەو منداڵانەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بە تایبەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەشی بەدەست کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵاتی دەناڵێنن، گرنگی زیاتریان پێدەدرێت. هاوکات دەڵێت: سەنتەر و داینگەی تایبەتمان هەیە بۆ چاودێریی و چالاکی و گەشەپێدانی توانەکانی منداڵان.
یوسف چاوشین، لەبارەی دیاردەی کارکردنی منداڵان گوتی: یەکێک لەو دیاردانەی کە منداڵان بەدەستییەوە دەناڵێنن کارکردنی منداڵانە، بەپێی یاسای کار هەر منداڵێک ئەگەر لە شوێنێک کار بکات و خاوەن کاری هەبێت، ئەوا خاوەن کارەکەی سزا دەدرێت، هەروەها تیمی تایبەتمان بەو منداڵانەی لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن هەیە.
لەبارەی توندوتیژی دژی منداڵان، ناوبراو روونیکردەوە، لێژنەیەکی باڵایان هەیە، کە لە لێژنەکەدا وەزارتەکانی پەروەردە، تەندروستی، ناوخۆ، دارایی، ئەوقاف و چەند وەزارەتێکی دیکە و رێکخراوەکانی تێیدا ئەندامن، هەر حاڵەتێکی توندوتیژی دژی منداڵان بکرێت هەر لایەنێک بەپێی پسپۆڕیی خۆی هەوڵ دەدات چارەی کێشەکە بکات.
سەبارەت بە منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتان، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر، جەختی کردەوە، "هەوڵمان داوە زیاتر لە منداڵی خۆمان گرنگی بەو منداڵانە بدەین کە بێسەرپەرشتن، شوێنی گونجاو، خواردنی گونجاو، جلوبەرگی باشمان بۆ دابین کردوون".