سەرکار سورچی: فرۆشتنی ماددەی خۆراکیی بۆ زیادکردن و دابەزاندنی کێش قەدەغەیە
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، فرۆشتنی هەموو ماددەیەکی خۆراکیی کە دەرمان لە پێکهاتەکەیدا هەبێت بۆ زیادکردن و کەمکردنی کێش، قەدەغەیە و فرۆشیارانی دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
رۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024)، دکتۆر سەرکار سورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو ماددە خۆراکیانەی بۆ دابەزاندن و زیادکردنی کێش بەکاردێت قەدەغەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، پاش ئەوەی بەدواداچوونمان و پشکنینمان بۆ ئەو ماددە خۆراکیانە کرد کە بەشێکیان لە شێوەی چا بوون یاخود شێوەی قاوە و ڕێکلامیان بۆ دەکرا کە کێش دادەبەزێنن و زیاد دەکەن، بۆمان دەرکەوت ئەو ماددە خۆراکیانە دەرمان لە پێکهاتەکانیاندا هەیە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە ئەو ماددە خۆراکیانە بە هاووڵاتیان بدرێت و مامەڵەیان پێوە بکرێت بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.
دکتۆر سەرکار سورچی دەڵێت، فرۆشتنی ئەو ماددە خۆراکیانە لە شوێنەکانی وەکو کافتریا و چێشتخانەکانیش قەدەغەیە مامەڵەیان پێوە بکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، هەر ماددەیەکی خۆراکی کە دەرمان لە پێکهاتەکەیدا هەبێت، پێویستە بە کوالێتیی کۆنتڕۆڵ تێپەڕێت و ستیکەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمانی پێوە بێت و تەنها لە دەرمانخانەکان بفرۆشرێن بەشێوەیەکی فەرمی، ڕێکلام کردن بۆ ئەو جۆرە ماددە خۆراکیانەی کە دەرمان لە پێکهاتەکەیاندا هەیە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەر کەسێک سەرپێچی ڕێنماییە تەندروستییەکان و یاسا بەرکارەکانی وەزارەتی تەندروستی بکات، لێپرسیینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، چەندین شوێن و لاپەڕەی سۆشیال میدیا داخراون کە رێکلامیان بۆ ئەو ماددە خۆراکیانە کردووە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی تەندروستییان هەبێت.