هونەرمەندێکی سعوودیی گۆرانی بەسەر "سروشت و جوانییەکانی کوردستان"دەچڕێت

هونەرمەندی سعوودیی، عەبدولمەجید عەبدوڵڵا
هونەرمەندی سعوودیی، عەبدولمەجید عەبدوڵڵا

هونەرمەندی سعوودیی، عەبدولمەجید عەبدوڵڵا نوێترین گۆرانی خۆی بە ناوی (من کوردم) بڵاو کردەوە کە تێیدا ستایشی سروشت و جوانییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

هونەرمەندە سعوودییەکە لە ڤیدیۆ کلیپەکەیدا کە چوار خولەک و هەشت چرکەیە، دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێشی ژمارەیەک شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستانی بەکارهێناوە و ستایشیان دەکات. بەشێکی دیمەنەکان بریتین لە قەڵای هەولێر، دەروازەی شاری دهۆک، چیای زاوا لە دهۆک، دەڤەری بارزان، گەلی شێرانە لە ئامێدی، گومی فێڵاو لە سنووری چۆمان، کۆرنیشی دەلال لە زاخۆ و ژمارەیەک شوێنی دیکە.

تێکستی گۆرانییەکە لەلایەن شاعیر، عەبدوڵڵا مەلحەم نووسراوەتەوە و ئاوازەکەی لە دانانی فایز سەعیدە. گۆرانییەکە لە ستۆدیۆکانی فایز سەعید لە وڵاتی ئیمارات تۆماکراوە و بڵاو کراوەتەوە.

گۆرانیی "من کوردم" دوای بڵاوبوونەوەی، پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە لێ کرا و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەیان هەزار بینەری هەبووە. لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن بەکارهێنەرانەوە بڵاو کراوەتەوە.

هونەرمەندی سعوودیی، عەبدولمەجید عەبدوڵڵا لە ساڵی 1962 لە دایک بووە. مامۆستاکەی بەهرەکەی لە بواری گۆرانی گوتندا ئاشکرا کردووە و لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا گۆرانی گوتووە. هونەرمەندەکە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی هاوادارێکی زۆری هەیە و ڕۆژانە کۆنسێرتی گەورە ساز دەکات.

 

Fly Erbil Advertisment