چوارەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی بانکی TBI کرا

بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)
بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی "پرۆژەی هەژماری من" بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، هەستاین بە ناردنی ناوی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکی TBI.

ئەمڕۆ شەممە (8ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی "پرۆژەی هەژماری من" و، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چوارەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی (539) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی مووچەخۆران، کە ئەم بانکە لەنێوان هەشت بانکەکانی ناو "پرۆژەی هەژماری من" هەڵدەبژێرن، بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندیی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

وەزارەتی دارایی دەڵێت: بە ناردنی ئەم لیستەی داتای فەرمانبەرانیش، ژمارەی داتای فەرمانبەرانی نێردراو ئێستە دەگاتە (3917) فەرمانبەر، کە لە نێویشیاندا (368)یان کارتەکانیان بۆ چاپ کراوە و ڕادەستی تیمی "هەژماری من" کراوە، وەک وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات و قۆناغ بەقۆناغ کارتی بانکی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە.

Fly Erbil Advertisment