بە زیاتر لە سێ ملیار دینار چەند پرۆژەیەک لە سۆران جێبەجێ دەکرێن

K24 - هەولێر:
لە درێژەی هەوڵەکانی کابیەنی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، بە گوژمەی سێ ملیار و 395 ملیۆن دینار چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خرانە واری جێبەجێکردنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی گرنگ، بە گوژمەی سێ ملیار و 395 ملیۆن دینار، لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی قەزای سۆران خرایە واری جێبەجێکردن.
فەرمانگەی مێدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە: پرۆژەکان بریتین لە (دروستکردنی شەقامێکی سەرەکی لە گوندی کەورین بە گوژمەی 726 ملیۆن دینار، دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە گوندی کەورین بە گوژمەی 250 ملیۆن دینار، دروستکردنی شەقامی 20 مەتریی کۆڕەک لە قەزای ناوەندیی سۆران بە گوژمەی 578 ملیۆن دینار، دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەڕەکی ئەیلوول بە گوژمەی زیاتر لە 841 ملیۆن دینار و دروستکردنی دیواری پاڵپشت لە چەند گەڕەکێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوژمەی یەک ملیار دینار.
ڕۆژی (28ـی ئایاری 2024)، سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی دوای دانانی چەند پرۆژەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی ئێكس (تویتهری پێشوو) ڕایگەیاند: "خەڵکی دەڤەری سۆران قوربانییەکی زۆریان داوە و شایستەی ئەوەن وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان خزمەتیان بکرێت".
ئەو پرۆژانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بۆ دانا بریتی بوو لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران) و دواتریش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی "ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانێ" لە قەزای رواندز، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.