ڕاستڕەوەکان زۆرینەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپایان بەدەست هێنا

پەرلەمانی ئەورووپا
پەرلەمانی ئەورووپا

K24 – هەولێر:

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا، لە فەرەنسا، نەمسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و هۆڵەندا ژمارەی دەنگی پارتە راستڕەوەکان زیادی کردووە.

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا ڕاگەیەندرا و بەپێی ئەنجامەکە ژمارەی کورسییەکانی پارتی سەوز و لیبڕاڵەکان کەمیکردووە و هەریەکە لەو دوو پارتە 20 کورسیان لە دەستداوە.

هەروەها لە فەرەنسا، نەمسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و هۆڵەندا ژمارەی دەنگی پارتە ڕاستڕەوەکان زیادی کردووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بڕیاریدا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و ئاماژەی بەوەشدا لە 30 ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.

ئیمانوێل ماکرۆن دەڵێت، زیادبوونی دەنگەکانی پارتە نەتەوەییەکان هەڕەشەیە لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، مارین لوپێن سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن لە فەرەنسا ڕایگەیاند، ئامادەن دەسەڵات بگرنەدەست.

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە ئیسپانیا:

پارتی گەلی ئەورووپا %36.1ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە ئەڵمانیا:

هاوپەیمانی کریستیانەکان: %29.5ـی دەنگەکان

پارتی سەوز: %12ـی دەنگەکان

پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی: %14ـی دەنگەکان

پارتی چەپ: %2.8ـی دەنگەکان

پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا: %16.5ـی دەنگەکان

پارتەکانی دیکە: %14.7ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە هۆڵەندا:

پارتی نوێکردنەوە: %22.6ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە ئیتالیا:

پارتی ناسنامە و دیموکراسی: %30ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە یۆنان:

پارتی گەلی ئەورووپا: %38.1ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە کرواتیا:

پارتی گەلی ئەورووپا: %50ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە دانیمارک:

پارتی نوێکردنەوە: %26.7ـی دەنگەکان

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە فەرەنسا:

پارتی ناسنامە و دیموکراسی: %37ـی دەنگەکان

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە ئەرووپا پارتە ڕاستڕەوەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.

لە نێوان 6 بۆ 9ـی حوزەیرانی 2024، زیاتر لە 370 ملیۆن کەس لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بەشداریی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ئەورووپایان کرد.

بە پێی یاسای هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا هەموو پێنج ساڵ جارێک لە پێنجشەممەوە تا یەکشەممە دەکرێت؛ هەڵبژاردنی 2024 لە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی حوزەیران تاوەکوو یەکشەممە 9ـی حوزەیران بەڕێوە دەچێت.

بە پێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگدانەکە ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی حوزەیران لە هۆڵەندا دەستی پێ کردووە، دواتر خەڵکی ئێرلەند ڕۆژی هەینی 8ـێ حوزەیران و هاووڵاتییانی لاتیڤیا و ماڵتا و سلۆڤاکیا  ڕۆژی شەممە 8ـێ حوزەیران دەنگ بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەدەن.

ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتییی ئەورووپا ئاشکرای کردووە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە چیک ڕۆژانی هەینی و شەممە کراوە دەبن، لە کاتێکدا دەنگدان لە ئیتاڵیا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، 20 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لۆکسمبورگ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوید) هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە ڕۆژی یەکشەممە 9 حوزەیران دەکەن و ئەنجامەکانی دەنگدانیش لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بڵاو دەکرێنەوە.

لەو هەڵبژاردنە چەندین گۆڕان لە دەسەڵاتی یاسادانان بەدی دەکرێت و دیارترینیان بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، کە لە 705 کورسییەوە دەبێتە 720 کورسی.

پێشتر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 705 کورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە 720 کورسی، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، بڕیارە لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ژمارەی کورسییەکانی 12 وڵات زیاد بکات.

Fly Erbil Advertisment