ئۆژین نەوزاد گۆرانی "بەدڵمە"ی بڵاو کردەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئۆژین نەوزاد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "بەدڵمە" لە کەناڵی یوتیوبی خۆی بڵاو کردەوە.
ئۆژین نەوزاد، دەرباەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم تێکستەکەی فۆلکلۆرە و ئاوازەکەی لەلایەن ئالانەوە بۆم دانراوە و مێکس و مێسترینگی کارەکە لەلایەن بەبەک بەتکودا کراوە، هەروەها شوان کاوە کاری دەرهێنانی بۆ کلیپی بەرهەمەکەم کردووە".
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو گۆرانییە نوێیەم بەرهەمێکی شادییە، ئەو گۆرانییەم بەبۆنەی جەژنەوە تۆمار کردووە، بۆیە ویستم بەر لەجەژن بڵاوی بکەمەوە بۆ ئەوەی شادی و خۆشی بخەمە ماڵی کورد و هیوادارم بەرهەمەکەم بەدڵی هەموو هەوادارەکانم بێت و چێژی لێ وەربگرن".
هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئۆژین نەوزاد، ماوەی چەند ساڵێکە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە و خاوەنی چەند بەرهەمێکە، نوێترین بەرهەمیشی بەناوی "بەدڵمە" بڵاو کردووەتەوە.