عەلی باقری: لە هەولێر لەگەڵ برایانمان جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی كردەوە

K24 – هەولێر:
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، لە ھەولێر لەگەڵ برایانمان گفتوگۆیەكی باشمان ئەنجامدا و جەختمان لە بەھێزكردنی پەیوەندییەكان و پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی كردەوە.
ئەمڕۆ هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی گوتی: لە چوارچێوەی گەشتەكەمان بۆ عێراق و ھەرێمی كوردستان، لە ھەولێر لەگەڵ برایانمان گفتوگۆیەكی زۆرباشمان ئەنجامدا و دواتر لە سلێمانیش لەگەڵ بەشێكی دیكە لە بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆمان كرد.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلاميی ئێران، باسی لەوە کرد، لێرە بەگرنگی دەزانم زۆر سوپاسی ھاوخەمی و ھاوسۆزی بەرپرسانی عێراق و بەتایبەتر ھەرێمی كوردستان بكەم بۆ كۆچی دوای سەرۆككۆماری ئێران و بەرپرسانی دیكە.
هاوکات گوتیشی: ھاتووین جارێكی دیكە جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكەینەوە و بەتایبەتی پێداگری دەكەین لەسەر پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی لە نێوان ئێران و ھەرێمی كوردستان.
سەردانی عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ عێراق
رۆژی پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024) عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەسەردانێک گەیشتە بەغدا، لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازیی کرا.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ عێراق دوو گەلی هاوبەشین لە فەرهەنگ و مێژوو.
جەختیکردەوە، هەڵوێستی عێراق و ئیران لە بارەی کۆمەڵکوژییەکانی غەززە یەکە و دەبێت ئەو تاوانکاریانەی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە ڕابگیرێت، کە هەشت مانگە بەردەوامە، بەڵام خۆڕاگرییان سەرکەوتنە بە سەر ئیسرائیل، هەربۆیە دەبێت بە بێ هیچ مەرجێک شەڕ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕابگیرێت.
لای خۆیەوە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، چوونی شاندی باڵای حکوومەتی عێراقی بۆ تاران و بەشدارییان لە پرسەی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران و هاوەڵەکانی، سەلمێنەری بەهێزیی و پتەویی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێرانە.
هاوکات ڕاشیگەیاند، لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆمان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنی و ئابوورییەکان کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "باسمان لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووە و هاوڕابووین لە سەر ئەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاسایی کردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوچەکە پێویستی بە گفتوگۆ و ڕاوێژکاری بەردەوامە".
سەردانی عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان
ڕۆژی هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) کاتژمێر 09:25 خولەکی بەیانیی عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومییەوە پێشوازیی لێ کرا.
کاتژمێر 11:15 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەردوولا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد و، لە دەستپێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبووە لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران. لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها باشترکردنی ئیستیقراری سیاسی لە ناوچەکە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، "لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسمان کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووە و هاوڕابوونینە لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە".
لای خۆیەوە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتی: پهیوهندییهكانی نێوان ئێران و ههرێمی كوردستان "پهیوهندییهكی برایانهیه و ڕیشهی مێژووییان ههیه، بهتایبهت كه ئایین و كولتووری هاوبهش و چارهنووسی هاوبهش ههردوولا بهیهكهوه كۆ دهكاتهوه".
سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، "ههرێمی كوردستان و ئێران و عێراق ڕێگه بهوه نادهن سهقامگیری ناوچهكه تێك بچێت و دوژمنان دهرفهت بۆ ئامانجهكانیان بقۆسنهوه". جهختیشی لهسهر ئهوه كردهوه، "ئێران خوزایاری پێشخستنی پهیوهندییهكانیهتی لهگهڵ ههرێمی كوردستان بهتایبهت له بواری ئابووریدا، كه بهرژهوهندی ههردوولای تێدایه".
ناوبارو ڕوونیشی كردهوه، له كۆبوونهوهیان لهگهڵ سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی، باسیان له ههڵگرتنی ئهو بهربهستانه كردووه كه ڕێگه له پێشخستنی پهیوهندییهكانی نێوان ههردوولادا دهگرێت. وەکو خۆی گوتی، له بهشێكی دیكهی كۆبوونەوەكهدا سوپاسی حكوومهتی ههرێمی كوردستانیان كردووه له پێشوازیكردنی زیارهتكارانی ئێرانی بۆ شوێنه پیرۆزهكانی شیعه له خوارووی عێراق.
عەلی باقری دوای کۆچی دوایی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ڕووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەمە یەکەمین سەردانیتی بۆ هەرێمی کوردستان.