ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە مەککە بوونە شەش کەس

مەککە
مەککە

K24 – هەولێر:

حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان کە خەڵکی شاری سلێمانییە بەناوی زینەت ڕەشید قادر کۆچی دوایی کرد و بەمەش ژمارەی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ کۆچی دواییان کردووە، بوونە شەش حاجی.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ژمارەی حاجییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە شاری مەککە کۆچی دواییان کردووە، بوونە شەش حاجی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024) حاجییەکی هەرێمی کوردستان بەناوی ئەحمەد محێدین کە خەڵکی گوندی کەوڕەبەنی شاری هەولێرە، لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد.

هەروەها دوێنێ شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) چوار حاجی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی (محەممەد حەسەن) خەڵکی قەڵادزێ، (جەميله يونس برايم) دانیشتووی هەولێر، (هەمین قادر عەلی) خەڵکی بالیسان و (ئاسیا عەلی) خەڵکی بەردەڕەشە، لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، دوو حاجی دیکەی کورد بە ناوەکانی (عەزیزە ناسری) دانیشتووی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و (حوسێن حەمید مەحموود) دانیشتووی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەموو ئەو حاجییانەی کۆچی دواییان کردووە، بە ڤیزای یەک ساڵەی گەشتیاری، سەردانی وڵاتی سعوودیەیان کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و دوێنێ لە کێوی عەرەفە، گەورەترین ڕوکنی حەجی بەجێگەیاندووە.

پێشتریش ڕۆژگار جەعفەر، بەپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێیەم رۆژی جەژن مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان دێت، یەکەم کاروانی حاجییانیش لەڕێگەی وشکانی دوای 20ـی حوزەیران دەست بەگەڕانەوە دەکەن کە ژمارەیان هەزار و 53 کەسن، دەشڵێت، ئەو حاجییانەی بەڕێگەی ئاسمانیی گەیشتوونەتە سعوودیە، دوای 25ـی حوزەیران دەست بە گەڕانەوە دەکەن بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی.

ڕۆژی شه‌ممه‌ (15ـی حوزه‌یرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، گەشتی وڵاتی سعوودیەیان ئەنجامداوە.

Fly Erbil Advertisment