سەرۆكی یانەی هەولێر: كارگێری پێشوو 4 ملیار دینار قەرزیان بۆ جێهێشتووین

موئەیەد مەغدید سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر و موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر
موئەیەد مەغدید سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر و موئەیەد مەغدید سەرۆكی یانەی هەولێر

سەرۆكی یانەی هەولێر موئەیەد مەغدید هاوشانی جێگری یانەكەی جەلال پەرێشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا رایانگەیاند كارگێری پێشوو 4 ملیار دینار قەرزیان بۆ جێهێشتوون، دەشڵێن: رێگە بە هیچ دەستێوەردانێك نادەین تەنانەت لە هەر پلە و پۆستێك دا بن.
ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 حوزەیرانی 2024، موئەیەد مەغدید سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەوان داوای ئەو پۆستەیان نەكردووە، بەڵكو راسپێردراوین، دەشڵێت: ئێمەش كوڕی ئەو شارەین، بۆیە ئیش و كارەكانی خۆمان جێهێشت و ئەم ئەركە قورسەمان وەرگرت، كاتێك هاتین یانەكە لە قەیرانێكی گەورەدا بوو، خەریك بوو بە تەواوەتی وێران بێت.
 سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر هێمای بۆ ئەوەش كرد لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو 10 ملیار دینار هاتووەتە نێو یانەی هەولێر، سەرەڕای ئەوەش چوار ملیار دیناریش قەرزیان بۆ جێهێشتوون.
موئەیەد مەغدید دەشڵێت: لە دوای ئەوەی لە رۆژی 15/5/2024، وەكو دەستەی كاتی یانەی هەولێر دەستبەكاربوون 500 ملیۆن دینار قەرزمان داوەتەوە و چوار مووچەشمان بەسەر یاریزانەكان دا دابەش كردووە و تەنانەت پاداشتی یاریزانەكانیشمان كردووە.
سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر جەختی لەوەش كردەوە بەشێك لە كێشەی یاریزانەكانیان چارەسەر كردووە، گوتیشی: سەرەڕای ئەوەش پێویستە بە زووترین كات پارەی ئەو راهێنەر و یاریزانانە بدەنەوە كە سكاڵایان لەسەر یانەكە تۆمار كردووە ئەگەرنا تووشی كێشەیەكی گەورە دەبنەوە.
موئەیەد مەغدید دەشڵێت: بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نوێكردنەوەی گرێبەستەكان بۆ وەرزی داهاتوو پێویستیمان بە نزیكەی ملیارێك و نیوێك دینار هەیە.
سەرۆكی كاتی یانەی هەولێر هێمای بۆ ئەوەش كرد لە دوای دەستبەكاربوونیان حكومەت و پارێزگاری هەولێر زۆر هاوكاری یانەكەیان كردووە، دەشڵێت: بەڵام هێشتا بۆ داهاتوو كێشەمان هەیە.
موئەیەد مەغدید جەختی لەوەش كردەوە كە ئەوان لەوەتەی ئەركی بەڕێوەبردنی یانەكەیان وەرگرتووە هیچ گۆڕانكارییەكیان لە فەرمانبەرانی یانەكە نەكردووە، دەشڵێت: ئێمە باوەڕمان بە تۆڵەسەندنەوە نییە و تا ئێستا هیچ كەسێكمان دوورنەخستووەتەوە، هەر كەسێك كاری باش بكات ئێمە پشتگیری دەكەین، ئەوەی كەمتەرخەمیش بێت بڕیاری لەسەر دەدەین.
سەرۆكی یانەی هەولێر راشیگەیاند رێگە بە هیچ كەسێك نادەن دەستێوەردان لە كارەكانیان بكات، گوتیشی: رێگە بە هیچ كوتلەوكوتلەكارییەك نادەین، ئەگەرچی هەست بە جۆرێك كاریگەری و دەستێوەردان لە دەرەوەی یانەكە دەكەین، رەنگە كەسانێك هەبن بیانەوێت حیساباتی خۆیان لەسەر ئەستۆی یانەی هەولێر یەكلایی بكەنەوە، بەڵام ئێمە رێگە بە هیچ كەسێك نادەین تەنانەت لە هەر پلە و پۆستێك دا بێت.
موئەیەد مەغدید دەشڵێت: بەنیازین هەموو سەرچاوەكانی داهات و هاوكارییەكانمان بكەینە ئەلیكترۆنی بۆ ئەوەی هەر كەسێك تێبینییەكی هەبێت یان هەر لایەنێكی پەیوەندیدار ویستی زانیارییەكانی لەبارەی داهاتەكانی یانەكە بزانێت دەتوانێت بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا سەیری بكات، ئەوەی پەیوەندی بە پارە هەبێت هیچ كەسێك بۆی نییە لە جیاتی یەكتر واژۆ بكات.
سەرۆكی یانەی هەولێر جەختی لەوەش كردەوە ئەوان گرێبەستیان بۆ دوو ساڵ لەگەڵ سەمیر بابۆی راهێنەری یانەكە واژۆ كردووە، دەشڵێت: سەمیر بابۆ بۆ وەرزی داهاتووش لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت و هەموو پاڵپشتییەكی دەكەین.

 

.
.
.
.
.

 

Fly Erbil Advertisment