سەڵاح سنجاری: ڕێژەی نەخۆشی دڵ لە کوردستان بەرز دەبێتەوە

پزیشکێکی پسپۆری دڵ ئاشکرای دەکات، ڕێژەی نەخۆشی دڵ لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناهۆشیاریی تەندروستیی و ژینگەوە دروست دەبێت.
شەممە 6ـی تەممووزی 2024، دکتۆر سەڵاح سنجاری پزیشکی پسپۆری دڵ لەبارەی زۆربوونی نەخۆشیی دڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، زۆربوونی نەخۆشی دڵ پەیوەندیی بە نەبوونی هۆشیاریی تەندروستیی و ژینگەوە هەیە.
سەڵاح سنجاری دەڵێت، نەخۆشیی دڵ یەک لە سەرەکیترین و بڵاوترین و هۆکارەکانی مردنی مرۆڤە، بڵاوترین نەخۆشیشە لە هەرێمی کوردستان و جیهانی سێیەم کە رۆژ دوای رۆژ لە زیاد بووندایە.
ئەو پسپۆرە پێی وایە، زۆربوونی نەخۆشیی دڵ پەیوەستە بە هۆشیاریی تەندروستیی لای هاووڵاتییان و ئەو ژینگەی کە تێیدا دەژیت، هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی تەمبەڵی و جگەرەکێشان و ژینگەی پیس هۆکارە سەرەکییەکانی نەخۆشیی دڵن لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، لە هەرزانیی نرخی جگەرە، گەنجان کە زۆرینەیان جگەرە دەکێشن، زووتر توشی نەخۆشی دڵ دەبن، لەگەڵ قەڵەوی و چەوری کە دوو هۆکاریی دیکەی ئەو نەخۆشیەن.
دەشڵێت، شێوازیی ژیان و گۆڕانکارییەکان وای کردووە خەڵک بیر لە خۆشی بکاتەوە، بەڵام پێی وایە جگەرە بەشێکە لە خۆشی بەخشین کە ژەهر بە گیانیاندا بڵاو دەکاتەوە و ژیانیان دەخاتە مەترسیی، ئەو پسپۆرە هیوای خواست یاساییەک هەبێت بۆ ئەوانەی جگەرە دەکێشن و ژەهر دژی لەشی خۆیان بەکار دێنن.