ڕێز لە ئەزموونی شاعیر و نووسەر "مەسعود پەرێشان" گیرا

K24 – هەولێر:

لە ڕێوڕەسمێکدا، لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو، کە لە بارەگای لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد بەڕێوەچوو، ڕێز لە ئەزموونی نووسەر و شاعیری دیاری هەولێر "مەسعود پەرێشان" نرا .

لە ڕێورەسمەکەدا، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتى ڕۆشنبيرى و هونەرى هەولێر و بەشى چالاکیی وێژەیی هەولێر، لەژێر ناونیشانی (تەمەنێك لە داهێنان و نووسین) کرابوو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، ڕۆڵی مێژوویی و کار و بەرهەمەکانی نووسەر و شاعیری لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی بەرز نرخاند و ئاماژەی بە هزر و قەڵەمی بە بڕشت و جوانی نووسەردا لە بواری شیعردا، کە لەماوەی تەمەنیدا مرۆڤێکی بەکەڵکی نیشتیمان بووە.

پارێزگاری هەولێر: ناوبراو جگە لەوەی وەک پەروەردەکارێک و مامۆستایەک توانیویەتی چەندین بەرهەم و كتێبی ئەدەبی و شیعری پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات، هاوکات وەک ڕۆژنامەنووسێک ڕۆڵی دیار و بەرچاووی هەبووە لە نووسینی ستوون و وتاری فەرهەنگی و هزری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا.

شاعیر و نووسەری دیاری شاری هەولێر "مەسعوود پەرێشان" ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یەكێتی نووسەرانی كورد - لقی هەولێرە و یەكێكە لە شاعیر و نووسەرە ناسراوەكانی كوردستان و خاوەنی چەندین كتێب و بەرهەمی شیعری و نووسینە.

پاشان لەلایەن نوسەران و هونەرمەندان و كەسايەتى شار، چەپکە گوڵی رێزلێنانیان پێشكەش بە نوسەر و شاعير كرا.

Fly Erbil Advertisment