عەید بەدری: پاشماوەکانی جەنگ خەڵکێکی زۆری لە زیقار تووشی شێرپەنجە کردووە

ڕاوێژکاری پارێزگاری زیقار ئاماژە بەوە دەکات، پاشماوەکانی جەنگ و پیسیی ژینگەی شارەکە، وای کردووە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە زیقار زیاد بکات، سەرباریی ئەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان گونجاو و لەبار نین بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان.
یەکشەممە 7ـی تەممووزی 2024، عەید بەدری ڕاوێژکاری پارێزگاری زیقار لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە ناوەندی شێرپەنجەی زیقار تۆمارکراون، دەشڵێت، تووشبوون بە شێرپەنجە دوای ساڵی 2003 زیادبووە، لەو کاتەی لە باشووری عێراق چەکی قەدەغەکراو لە جەنگدا بەکار هات، پێی وایە هیچ ناوچەیەکی تەندروست لە شارەکە بۆ ژیان کردن تەندروست نین، دەڵێت، سووتاندنەکان و تیشکدانەوەی پاشماوە سەربازییەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر تەندروستیی خەڵکی شارەکە دروست کردووە.
بەدری پێی وایە، ژینگەی زیقار یەک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەیە، دەڵێت، حکوومەتی خۆجێی ئەوەیان خستە ئەستۆی خۆیان کاربکەن بۆ ئەوەی چەند ئامێرێکی گرنگ بۆ دیاریکردنی نموونەکانی شێرپەنجە دابین بکەن، گوتی، پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بەداوی هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بگەڕێت، دەڵێت، نەخۆشەکانی زیقار دەچنە شارەکانی دیکە بۆ چارەسەریی وەرگرتن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دەروونی نەخۆش دروست دەکات.
ئەو ڕاوێژکارە ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە گرنگیدان بە کەرتی تەندروستیی و بواری شێرپەنجە کە هیچ جیاوازیی نییە لەگەڵ نەخۆشخانەکانی فەرەنسا، گوتی، حکوومەتی عێراقیش دەتوانێت ئەوە بکات و بۆ زیقار و پێویستیشە ئەوە بکات.