عیسا بابلی: بەشدارانی پرۆژەی هەژماری من دەتوانن بە کارتەکانیان پارە حەواڵە بکەن

بەرپرسی پرۆژە دیجیتاڵییەکانی بانکی جیهان ڕایگەیاند، تۆمارکردن لە پرۆژەی هەژماری من، لە پارێزگای هەولێر و دەوروبەری تەواو بووە، دەشڵێت: ئەوانەی سوودمەند بوون و هاتوونەتە نێو پرۆژەی هەژماری منەوە، لە 25%ـی ئەوانەن کە لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت کارەکانیان بەڕێوە دەبەن.
عیسا بابلی، بەرپرسی پرۆژە دیجیتاڵییەکانی بانکی جیهان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بارەی تۆمارکردنی پرۆژەی هەژماری منەوە، ئێستە لە پارێزگای هەولێر و دەوروبەری دەتوانم بڵێم هەمووی تەواو بووە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لە بانکی جیهان چەندین خزمەتگوزاریمان بۆ ئەوانەی لێی سوودمەند دەبن، هەیە. سەرەتا کەسێک کە هەژمارێکی بانکی دەکاتەوە، دواتر دەتوانێت لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە هەموو جۆرە ئاڵوگۆڕێکی دراو بکات، هەروەها دەتوانرێت لە دەرەوەش پارەی بۆ ڕەوانە بکرێت، گوتیشی: کەسەکە دەتوانێت لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەش کاڵا بکڕێت.
بابلی ڕاشیگەیاند، بەپێی ئامارێکی بەردەستمان، تا ئێستە ئەوانەی سوودمەند بوون و هاتوونەتە نێو پرۆژەی هەژماری منەوە، لە 25ـی% ئەوانەن کە لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت کارەکانیان بەڕێوە دەبەن.
سەبارەت بە پێشینەکان، بابلی باسی لەوە کرد، ئەوانەی لە پرۆژەی هەژماری من سوودمەند بوونە دەتوانن داواکارییەک پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی پارە، بەڵام ئەو داواکارییەی پیشکەش دەکرێت ڕێکاریی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەویش بەگوێرەی پێوەرەکانی بانکی نێودەوڵەتیی و ڕێکارە یاساییەکانە. هەروەها ئەوانەی داواکاریی بۆ وەرگرتنی پیشینە پێشکەش دەکەن، دەبێت لە لایەن بانکەوە دڵنیاییان پێ بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن پارەکە وەربگرن.