سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازی کردنی لە شاندێکی ئەمەریکی لەلایەن جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا، سوپاسی هەوڵ و کارکردنە بەردەوامەکانی کرا لەبارەی سەرخستنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی تەمموزی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی دانیێل شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و جەنەراڵ جۆل ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و نیکۆل سۆفتنێس بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژی ئەمەریکایە و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاریکاری و هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی پێشکەوتنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بوو، لەمبارەیەوە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا، سوپاسی هەوڵ و کارکردنی بەردەوامیی سەرۆکی حکومەتی کرد بە ئاراستەی سەرخستنی چاکسازییەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکا نیشاندا و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.