ئیتاڵیا به‌كارهێنانی مۆبایل له‌ قوتابخانه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات و ڕۆڵی قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

حكوومه‌تی ئیتاڵیا هه‌وڵ ده‌دات جارێكی دیكه‌ ڕۆڵی قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز له‌ قوتابخانه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش بۆ وه‌رزی نوێی خوێندن به‌كارهێنانی مۆبایل له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 11ـی ته‌ممووزی 2024، حکوومەتی ئیتاڵیا بڕیارێکی دەرکرد کە مۆبایل لە هۆڵەکانی خوێندن لە ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەکاندا قەدەغە دەکات.

ئەو ڕێوشوێنە لەلایەن جۆزێپی ڤاڵدیتارا، وەزیری پەروەردەی حكوومه‌تی ئیتاڵیاوه‌ خراوەتە ڕوو، ئامانجیشی ئەوەیە ڕێگری لە بەکارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەکاندا بکرێت، هاوكات به‌كارهێنانی تابلێت و كۆمپیوته‌ریش ده‌بێت بە ڕەزامەندی مامۆستایان بێت.

جۆزێپی ڤاڵدیتارا له‌م باره‌وه‌ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشا، مه‌به‌ست له‌م هه‌وڵه‌ باشتكردنی پرۆسه‌ی خوێندن و فێربوونه‌، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی ڕۆڵی قه‌ڵه‌م و كاغه‌زه‌.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئیتاڵیا ڕۆژژمێری قوتابخانه‌ی بڵاو كرده‌وه‌، كه‌ تێیدا ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌ركه‌كان كه‌ مامۆستا به‌ قوتابیانی ده‌دات ده‌بێت به‌ ده‌ست بنووسرێن، ئەمەش ڕێگە بە دایک و باوکان دەدات چاودێری خوێندنی منداڵەکانیان بکەن.

ماوەی چەند ساڵێکە به‌كارهێنانی مۆبایل لە قوتابخانەکانی ئیتاڵیادا قه‌ده‌غه‌یه‌، بەڵام بە شێوه‌یه‌كی بەرفره‌وان جێبەجێ نەکراوە و هەندێک وڵاتیش لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕێوشوێنی هاوشێوەیان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باشتر بۆ فێربوون بۆ قوتابیان دروست بکەن.

Fly Erbil Advertisment