سامان سیوەیلی: لە کابینەی نۆیەمدا نزیکەی 125 قوتابخانەی نوێ دروست کراون

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی کرا. هاوکات گوتی: ئەو پێشکەوتنەی کە لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەیە لە سیستەمی پەروەردەی عێراقدا نییە.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: جیاوازییەکی زۆر لە نێوان کەرتی پەروەردە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە. پەروەردەی عێراق بە دەست چەندین کێشەوە داناڵێنێت، هەروەها سیستەمی پەروەردەی ئەوان تا ئێستە سیستەمە کۆنەکەیە و داتاکانیان بە دیجیتاڵی نەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد، خۆشبەختانە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی کرا، کە ئەمەش بووەتە کارئاسانییەکی زۆر.
ناوبراو ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵ سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئامانج لە سەردانەکەییان ئەوەبوو داوایان کردبوو کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم هاوکاریان بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن سیەستەمی پەروەردەی خۆیان بە دیجیتاڵی بکەن.
هاوکات ڕاشگەیاند: سەرجەم پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەی بۆ کراوە و پرۆگرامی نوێی زۆریش دانراون، ساڵانە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پارە تەرخان دەکات بۆ چاپکردنی سەرجەم پرۆگرامەکانی خوێندن، کتێبەکان بە کوالێتی زۆر بەرز چاپ دەکرێن.
جەختی لەوە کردەوە، گۆڕانکاری زۆر گەورە لە بواری پەروەردەدا کراوە، هەروەها سەرجەم مامۆستایانیش خراونتە ژێر ڕاهێنان بۆ ئاشنابوونیان بە شێوازی وانەگوتنەوەی نوێ.
سامان سیوەیلی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "وەزارەتی پەروەردە چەندین پلاتفۆرمی لە بواری پەروەردەکردنەوە داناوە، کە هەمووی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی گرنگی تێدایە."
گوتیشی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پاڵپشتی بەهێزی پێشکەوتنی کەرتی پەروەردەیە، هەروەها لەم کابینەیەدا نزیکەی 125 قوتابخانەی نوێ دروست کراون و نزیکەی 2 هەزار قوتابخانەش نۆژەن کراوەنەتەوە و، نزیکەی 600 ژووریش بۆ قوتابخانەکان زیاد کراون.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی دەکات و دەڵێت: دەزگەکە ساڵانە زۆرێک لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکاتەوە و هەمیشە هاوکاری وەزارەتی پەروەردەن.