کوردستان24 لیستی مووچەی هەردوو مانگی پێنج و شەشی هێزە ئەمنییەکان بڵاو دەکاتەوە

لە ماوەی دوو ڕۆژدا مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیرانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەستی کەوتوون؛ سبەی چوارشەممە، 17-07-2024، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
ئەو دامودەزگایانەی سبەی چوارشەممە، 17-07-2024 مووچەکانیان وەردەگرن:
- ئەنجوومەنی ئاسایش
- دەزگای ئاسایش
- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیستی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان
ئەو دامودەزگایانەی دووسبەی پێنجشەممە، 18-07-2024 مووچەکانیان وەردەگرن:
- دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە
- هێزەکانی یەکەی 70
- هێزەکانی یەکەی 80
- بەرگری و فریاکەوتن
- هێزەکانی زێرەڤانی
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، 16-07-2024، بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە دوای پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، 11-07-2024، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە درا.
چوارشەممە، 10-07-2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی پرسی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تەلەفۆن پەیوەندی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگ بوو، وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردبوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.