کونسوڵی فەرەنسا: دەمانەوێت ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەین

K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر تایبهت بۆ کوردستان ڕایدهگهیهنێت: لەبەر رۆشنایی ئەو پەیوەندییە پتەوەی لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، چاومان لەوەیە ئاستی وەبەرهێنان لەهەریمی کوردستان زیاتر بکەین.
یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان زۆر پتەون، وە ئێمە پێمان وایە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی زۆر لەباری ئابوورییە لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکان کە خۆی لە سێکتەری کشتوکاڵی و سێکتەرەکانی دیکە دەبینێتەوە.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد: چەندین کۆمپانیا و کارگەی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە پتەوانەی کە هەیە، چاومان لەوەیە ئاستی وەبەرهێنان زیاتر بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان لە فەرەنسا و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون کۆڕبەندێکی هاوبەش ئەنجام بدەن، کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی فەرەنسا لە رێگەی توانا جیاوازییەکانی خۆیەوە زیاتر پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان بکات.