بایدن رووسیا دڵخۆش دەکات

دوای ئەوەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا لە کێبرکێی هەڵبژاردن بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکشێتەوە.
دمتری پیسکۆڤی گووتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند: بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی، لە پێشینەی کارەکانی رووسیای فێدرالە، نەک هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، پیسکۆڤ گووتیشی: هێشتا چوار مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردن، پێویستە سەرنج بدەین و سەیری ئەوە بکەین کە دواتر چی ڕوودەدات.
هەر پەیوەست بەکشانەوەی جۆ بایدن لە بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ماریا زاخارۆڤا گووتەنێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەرنامەی SolovyovLive سەبارەت بە دۆخی ئەمریکا دوای کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردن ئەوەی خستەروو: ئەمە مێژووی ئەوانە، ڕووسیا دەستوەردان لە کارووباری ناوخۆی ئەواندا ناکات.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ڤڵادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا لە میدیای فەرمی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند: هەرچەندە لەسەردەمی فەرمانرەوایی دۆناڵد ترامپدا زۆرترین سزا بەسەر رووسیادا سەپێنراون، بەڵام دەرگاکانی گفتووگۆ دانەخران.
پوتینی گوتیشی: ئێستا کە ترامپ بەربژێرە و خواستی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رووسیا هەیە، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی دەکەن.
جۆ بایدن یەکێکە لەو سیاسیە ئەمریکییانەی هەمیشە توندترین هەڵوێستی بەرانبەر رووسیا هەبووە، هەر بۆیە کشانەوەی لە کێبرکێی هەڵبژاردن، رووسەکانی دڵخۆش کردووە.