پێنج هەزار تۆن پەتاتەی کوردستان هەناردەی ئیمارات دەکرێت

پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە هەناردەی ئیمارات دەکرێت (وێنە: شەیما باییز - کوردستان24)
پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە هەناردەی ئیمارات دەکرێت (وێنە: شەیما باییز - کوردستان24)

بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک، نزیکەی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات دەکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای "ئاورا"ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی ئیماراتی؛ نزیکەی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرێت.

ئەمڕۆ 100 تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات دەکرێت

حاجی سابیر خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیای "ئاورا" بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە، ئەمڕۆ چوار کۆنتێنەر پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 100 تۆن دەبن، ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات دەکرێن. ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی 15 بۆ 20دا ڕۆژ بەردەوام دەبێت تاوەکوو هەر پێنج هەزار تۆنەکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت.

ساڵی ڕابردوو بۆ جاری یەکەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا. حاجی سابیر خۆشناو گوتی، لە پلانیاندایە، ئەمساڵ پتر لە 25 هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکەن.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن؛ بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای "ئاورا"، کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت.  

حاجی سابیر خۆشناو سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و پشتگیریی بەردەوامیان لە کەرتی کشتوکاڵ بە شێوەیەکی گشتی.

"ڕۆژ بە ڕۆژ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران فراوانتر دەبێت"

لەلایەن خۆیەوە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت، "لە چوارچێوەی بایەخپێدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، ڕۆژ بە ڕۆژ دەرفەتی بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران فراوانتر دەبێت".

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ ئەو جووتیارانەی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمەکانیان ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن، پێویستە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکان، پشتگیرییان پێ بدرێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەوان ڕۆژانە نزیکەی 400 پشتگیریی دەدەنە جووتیارانی سنووری ئەو پارێزگایە کە بە پێدانی هەر پشتگیرییەک، نزیکەی 10 تۆن بەرهەمی جیاوازی جووتیاران ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دەکرێت.

هەناردەکردنی چپسی پەتاتەی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی پێنجشەممە 18ی تەممووزی 2024، لە ڕێوەڕەسمێکدا، بۆ جاری یەکەم، نزیکەی 10 هەزار کارتۆن چپسی پەتاتەی هەرێمی کوردستان کە لە کارگەیەکی قەزای قۆشتەپە بەرهەمهێنرابوو، ھەناردەی سعوودییە و ئوردن کران.

زیاتر لە 400 کرێکار لەو کارگەیەی قۆشتەپە کاردەکەن کە 75%ـی دەستی کاری ناوخۆن و بە بەردەوامیش دەرفەتی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت. هاوکات لە 60%ـی کارمەندانی  کارگەکە لە ڕەگەزی مێن و دەرفەتیان لە لایەن قایمقامییەتی قوشتەپەوە بۆ ڕەخسێنراوە کە کار بکەن.

ساڵانە نزیکەی 800 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت

ساڵانە لەسەر ڕووبەری 86,453 دۆنم زەوی، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئاستی بەرهەمهێنان %900 زیادی کردووە. زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم دەهێندرێت کە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار تۆنە.

لە هەرێمی کوردستان بە گشتی لە یەکی شوباتەوە دەست بە چاندنی پەتاتە دەکرێت تا یەکی ئادار و لە سەرەتای مانگی حوەزیرانیش وەرزی کۆکردنەوە دەست پێ دەکات، هەروەها شێوازی چاندنەکەش ئەوەیە کە دووری نێوان دوو بنەتۆ 25 سانتیمەترە و قوڵاییەکەشی 20 سانتیمەترە.

بایەخپێدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کشتوکاڵ

بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەجۆرێك بووه‌، كە پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ بدات، بۆ ئەمەش چەند رێگایەکی گرتەبەر، جگە لەوەی خەرجکردنی بوجەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی گرنگ و ستراتیجی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردێکی ھەماھەنگی درووست کرا، کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات و بەئەندامێتی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرھێنان و چەند وەزارەتێکی دیکە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر ڕۆژە و سەردانی ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی دادەنێت. سەرۆکوەزیران بەردەم جەختی لەوە کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی جووتیاران.

زیادبوونی قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ

بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بەهۆی پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران، قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8%ـەوە بۆ زیاتر لە 9%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. 

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 175 پڕۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە جێبەجێ کراون. لەو چوارچێوەیەدا، نزیکەی 25 هەزار بیری ئاو هەڵکەندراون.

لەماوەی ئەم کابینەیەدا، خەمە گەورەکەی جووتیاران ڕەوێندرایەوە ئەویش بە دروستکردنی گەورەترین پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی زیاتر لە 12 سایلۆی نوێ و 27 پەنکەر بە توانای عەمبارکردنی نزیکەی 900 هەزار تۆن گەنم.

Fly Erbil Advertisment