ئەزهەر ئیدانەی بێڕێزیکردن بە حەزرەتی مەسیح دەکات لە ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس

K24 – هەولێر:
کاردانەوەکانی ڕێورەسمی ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024 کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو، بەردەوامە و ئەزهەریش هاتە دەنگ بۆ ئیدانەکردنی ئاماژەکانی بێڕێزیکردن بە حەزرەتی مەسیح (د.خ.).
ڕۆژی 28ـی تەمموزی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەزهەر ئیدانەی بێڕێزیکردن بە حەزرەتی مەسیح (د.خ.) دەکات و ڕایگەیاندووە: بە هەموو شێوەیەک بێڕێزیکردن بە هەر یەکێک لە پێغەمبەرەکانی خودا ڕەتدەکەینەوە و هۆشداریش دەدەین لە بۆنە جیهانییەکان بکرێتە دەرفەتێک بۆ بێڕێزیکردن بە ئایین".
ئێوارەی 26ـی تەمموزی 2024، لەسەر ڕووباری سین لە پاریس، ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس بەڕێوەچوو کە یەکێک لە نمایشەکان زۆرترین مشتومڕ و کاردانەوەی توندی لە نێوخۆ و دەرەوەی فەرەنسا بەدوای خۆیدا هێنا، پێشکەشکردنی نمایشی تابلۆی "دوا ژەمی ئێوارە"ـی لیۆناردۆ داڤێنچی بوو کە لە ناوەڕاستی سەدەی پانزەهەمدا کێشراوە.
لەو نمایشەدا، ژمارەیەک لە نمایشکاران بە ڕوونی هێمای هاوڕەگەزخوازانیان تێدابوو، بووە ئەمەش نیگەرانی لەسەر ئاستی جیهان و پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی و کڵێسا کاسۆلیکییەکان بەدوای خۆیدا هێنا و داوای بایکۆتی ئۆڵمپیکیشی بەدوای خۆیدا هێنا.
کڵێسای کاسۆلیکی لە فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردووە: لە نمایشەکەدا کەسێکی ڕەگەزگۆڕاو کە کارەکتەری عیسا مەسیح (د.خ.)ـی بەرجەستە دەکرد و سەما دەکات و ئاماژەی سێکسی دەکرد کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و هونەر و میوزیکیشەوە نەبوو، کە وەک بۆنەیەکی وەرزشی، پاڵەوانێتی ئۆڵمپیک دەبێت نوێنەرایەتی پێشکەوتن و شارستانیەتی مرۆڤایەتی بکات.
کاردانەوەکان لەسەر ئاستی سیاسییش ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکا و ڕووسیاش دژایەتی خۆیان نیشاندا و ئەمەش بەرپرسانی ناچار کرد، ڤیدیۆی ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاریس لە کەناڵی یوتیوبی سەرەکی پاڵەوانییەتەکە لابدەن.