بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی: یەکێتی هەوڵی دا کارەساتی شنگال بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسییەکانی بقۆزێتەوە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

یەکشەممە، 04-08-2024، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "لە یادی 10 ساڵەی كارەساتی شنگالدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە تێیدا فرمێسكی تیمساحانەی بۆ كەسوكاری قوربانییانی ئەو كارەساتە ڕشتووە و هەوڵی داوە ئەو كارەساتە نیشتیمانی و نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسیە و حزبییەكانی خۆی بقۆزێتەوە و ڕاستییەكانی ئەو كارەساتە بشێوێنێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەموو خەڵكی كوردستان و تێكۆشەر و خەباتگێڕان و هێزی هاوپەیمانان شاهیدی ئەوەن كە ئەوەی لە شنگالدا خوێن و قوربانی و زیانی دا، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە خەمێکی گەورەی نیشتیمانی وەك كارەساتی شنگال، پارتی وەك هەمووجار، بە تەنیا مایەوە و بە تەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی، چ لە پەنادانی ئاوارەكان، چ لە ڕزگاركردنی ڕفێندراوەكان و هەروەها ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لە دەستی داعش".

بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دەڵێت: جیهان شاهیدە پێشمەرگەی پارتی چۆن بەرگریی کردووە  و چۆن ئەفسانەی داعشی شکاندووە. مێژوویەکی زۆر کۆن نییە، گەلی کوردستان باش لەیادیەتی بۆ تۆماركردنی داستانی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی سەددی مووسڵ و ئازادكردنی ڕەبیعە و ئازادكردنی زوومار و شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و دواجاریش ڕزگاركردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەدان شەهید و برینداری بەخشی و ماوەی دوو ساڵ سەرۆك بارزانی خۆی لە بەرەكانی شەڕ مایەوە و هەتا شنگال ئازاد نەكرا، نەگەڕایەوە. سەرۆك بارزانی ئەو بەڵێنەی گەیاندە سەر، كە بە بابەشێخ و ئێزیدیەكانی دابوو، كە ئێزیدخان دەمێنێ و سەری داعش دەبێ بكەوێتە ژێر پێی ڕۆڵەكانی كوردی ئێزیدی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لێرەدا ڕایدەگەیێنین موزایەدات و ڕشتنی فرمێسكی تیمساح بۆ ئێزیدیەكان و چەواشەكاری هیچ لە وێنەی ڕاستییەكان ناگۆڕێت، بە تایبەت کە ئەو موزایەداتە لەلایەن ناپاک و کاڵفامەکانەوە بێت. وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە ئەوەی لە خەمی شنگالە و خاوەنی شنگالە و ئاوێتەیە لەگەڵ ژان و ئازاری خوشك و برایانی ئێزیدی تەنیا پارتی بووە و هەر پارتی دەمێنێتەوە".

Fly Erbil Advertisment