عێراق لە ڕیزبەندی هاوردەکردنی خۆراکی ئاژەڵی ماڵیی لە تورکیاوە پلەی دووەمی گرتووە

عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە بەهای زیاتر لە 7.4 ملیۆن دۆلار خۆراکی ئاژەڵی ماڵیی لە تورکیاوە هاوردە کردووە.
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی "عێراقی ئاییندە" بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکاریی ئابووری لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: عێراق لە ڕیزبەندی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت کە لە نیوەی یەکەمی 2024، زۆرترین خۆراکی ئاژەڵی ماڵییان "سەگ و پشیلە" لە تورکیاوە هاوردە کردووە.
بە گوتەی مەنار عوبەیدی، عێراق لە شەش مانگی ئەمساڵ، بە بەهای زیاتر لە 7.4 ملیۆن دۆلار خۆراکی ئاژەڵی ماڵیی لە تورکیاوە هاوردەکردووە و چاوەڕێ دەکرێت بڕی هاوردەکردنەکە تاوەکوو کۆتایی ساڵ بگاتە سەرووی 20 ملیۆن دۆلار.
بە گوێرەی ئەو لیستەی سەرۆکی دامەزراوەی "عێراقی ئاییندە" بڵاوی کردووەتەوە، سعوودییە، یونان، ئوردن و بەریتانیا، لە پلەی سێیەم، چوارەم، پێنجەم و شەشەمی ڕیزبەندییەکە دێن.