یانەی زاخۆ کەمپە مەشقییەکەی تورکیا دوادەخات

بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی داهاتوو شاندی یانەی زاخۆ گەشتی تورکیا بکات و لەوێ کەمپێکی مەشق و راهێنان بکاتەوە، بەڵام دوو رۆژ پێشتر بڕیاردرا گەشتەکە دوابخرێت.
تەڵال بلوشی راهێنەری قەتەری یانەی زاخۆ لەلێدوانێکدا بۆ پەیجی فەرمی یانەکەی رایگەیاند: بڕیار بوو لە رۆژی سێشەممە 20/8/2024 گەشتی تورکیا بکەین و لەوێ کەمپێکی مەشقی وەکو ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەینەوە، بەڵام لەپێناو هەڵبژاردەی عێراق کە ئەم هەڵبژاردەیە ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال دەکات بڕیارماندا گەشتەکە بۆ رۆژی 25/8/2024 دوابخەین.
تەڵال بلوشی هێمای بۆ ئەوەش کرد: هەریەکە لە ئەمجەد عەتوان و عەلی کازم ئێستا لە کەمپی دەوحە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق راهێنان دەکەن.
دەشڵێت: ئێمە لە یانەی زاخۆ رۆژانە دوو یەکەی مەشقی ئەنجام دەدەین، بەیانیان مەشقی جەستەیی و ئێوارانیش مەشقی هونەری ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی یاریزانەکان بۆ وەرزی نوێ بەباشترین شێوە ئامادەبن.