یاد نەقشبەندی: ئەم ساڵ هەزار و 416 حاڵەتی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمار كراون

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەزار و 416 حاڵەتی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمار کراون و سێ هەزار کۆدی شێرپەنجەییش کراونەتەوە، بەڵام هەموویان تووشبوو نین بە نەخۆشییەکە.
یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو زیادکردنێکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە چۆن کار لەسەر ئەوە بکەین کە زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی کە دێنە نەخۆشخانەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەزار و 416 حاڵەتی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمار کراون و سێ هەزار کۆدی شێرپەنجەییش کراونەتەوە، بەڵام هەموویان تووشبوو نین بە نەخۆشییەکە. گوتیشی: گرنگە کە بە چ ڕێوشوێنێک بەرەنگاری شێرپەنجە ببینەوە.
هەر ئەمڕۆ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی لە هەر 100 هەزار کەسێک 190 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕێژەیە کەمترە و لە هەر 100 هەزار کەس 151 کەس تووشی شێرپەنجە بوون.